Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:30

نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان: 821 ملیۆن که‌س له‌ جیهاندا دووچاری برسیبوون هاتوون

به‌هۆی ڕووداوه‌كانی كه‌شوهه‌وا و پیسبوونی ژینگه‌وه‌یه‌
برسیبوونی جیهان
کوردستان TV
#8
100%

له‌ ڕاپۆرتێكیدا نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرایكردووه‌، ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ كاره‌ساته‌كانی كه‌ش وهه‌وا ژماره‌ی مرۆڤه‌ برسییه‌كان زیادیكردووه‌. له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ی برسیبوون (خواردن و خواردنه‌وه‌) یان هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ جیهاندا زیادیكردووه‌. پێنج ڕێكخراوی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕاپۆرتێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌. به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ گه‌رما و لافاوه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ گۆڕانی كه‌ش وهه‌وا و وشكه‌ساڵی بوونه‌ته‌ سه‌ره‌كیترین هۆی قه‌یرانی برسیبوون. ساڵی دووهه‌زار و نوزده‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ی برسیبوونیان هه‌یه‌، بۆ هه‌شتسه‌د و بیست و یه‌ك ملیۆن كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا یه‌ كه‌ ساڵی دووهه‌زار و شازده‌ ژماره‌ی مرۆڤه‌ برسییه‌كان هه‌شتسه‌د و چوار ملیۆن كه‌س بوو. كیشوه‌ری ئه‌فریقیا له‌و ڕێژه‌یه‌ زۆرترین به‌شی هه‌یه‌ كه‌ سه‌دا بیست و یه‌كی دانیشتوانه‌كه‌ی كێشه‌ی برسیبوونیان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها سه‌دا یازده‌ پۆینت چواری دانیشتوانی ئاسیا، سه‌دا شه‌ش پۆینت یه‌كی دانیشتوانی ئه‌مه‌ریكای لاتین، سه‌دا حه‌فتی دانیشتوانی ئۆقیانووس و سه‌دا دوو پۆینت پێنجی دانیشتوانی ئه‌مه‌ریكای باكوور و ئه‌ورووپا برسین. ڕاپۆرته‌كه‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی كشتوكاڵ و خۆراك فاو، ڕێكخراوی په‌روه‌رده‌ و منداڵان یونیسێف، به‌رنامه‌ی خۆراكی جیهانی پی ئه‌ی ئێم و ڕێكخراوی ته‌ندرووستیی ده‌بلیۆ ئێچ ئۆ كه‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كانن، ئاماده‌یان كردووه‌.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.