Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 20:30

رۆژنامەیه‌کى بەریتانى بەڵگەى بەکارهێنانى چەکى فسفۆڕ لەلایەن تورکیاوە دەخاتەڕوو

سوتاوەکان رەنگى پێستیان بە تەواوى گۆڕاوە و بۆنى ماددەى کیمیاییان لێدێت
کوردستان TV
100%


رۆژنامەى (تایمز)ى بەریتانى بەڵگەى بەکارهێنانى چەکى فسفۆڕ لەلایەن تورکیاوە دەخاتەڕوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لە نەخۆشخانەکانى رۆژئاواى کوردستان بەرکەوتوانى ئەو چەکە قەدەغەکراوه‌ دەدوێنێت و وێنە و ڤیدیۆى کاریگەرى ئەو چەکانە لەسەر جەستەیان بڵاودەکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەى تورکیا رەتى دەکاتەوە سوپاکەى چەکى قەدەغەکراوى دژى رۆژئاواى کوردستان بەکارهێنابێت، به‌لام رۆژنامەى (تایمز)ى بەریتانى روونى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ شێوازى برینى بریندارەکان ئاماژەن بۆ بەکارهێنانى چەکى قەدەغەکراو، ئاماژەى بەوەشکردوە کە ئەو کەسانەى بریندار بوون بەو چەکە ئازارەکەیان لە کاریگەرى ئەو پارچانە نەبووە کە لەسەر جەستەیان ماوەتەوە، چونکە بەهۆى ئازارشکێنەکانەوە ئازارى ئەو بەشەى جەستەیان نەماوە، بەڵکو ئەوەى زۆرتر ئازارى داون بەرکەوتنیان بووە بە کاریگەرى ئەو چەکە قەدەغەکراوانە کە بووەتە هۆى سووتانى لەشیان و وایلێکردون نەتوانن هیچ جوڵەیەک بکەن.

ئامادەکارى راپۆرتەکە نەیتوانیوە هەستى خۆى بشارێتەوە لە دیمەنى قوربانیانى ئەو چەکە قەدەغەکراوانەى دژى کوردانى رۆژئاوا بەکارهاتوە و دەڵێت" خۆزگە بمتوانیایە ئەو ئاژەڵانە بوەستێنم کە بە سوتاندنى ئەو خەڵکانە منیشیان سوتاند. وتوشیەتى؛ سوتاوەکان رەنگى پێستیان بە تەواوى گۆڕاوە و بۆنى ماددەى کیمیاییان لێدێت.

رۆژنامەکە وتەى شەڕڤانێکى هێزەکانى سوریاى دیموکراتى بڵاوکردوەتەوە کە پێشتر لەگەل هاوەڵانیدا دژى داعش جەنگاوە، بەڵام ئێستا و دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لە باکورى سووریا لە ناوچەى سەرێ کانى و بەهۆى بەرکەوتنى بەو چەکە قەدەغەکراوانە لەسەر تەختى یەکێک لە نەخۆشخانەکانى رۆژئاواى کوردستان لەژێر چارەسەردایە و دەڵێت:"ئەو مادەیەى ئەو شەڕڤانە پێى سووتاوە نادیار و نەناسراوە".

لە راپۆرتەکەدا پزیشکێک بۆچونى خۆى دەربڕیوە لەبارەى ئەو چەکانەوە، ئەو کە نزیکەى (40) ساڵ ئەزمونى کارکردنى هەیە، باس لەو بریندارانە دەکات کە چارەسەریان بۆ دەکات لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى حەسەکە و وتویەتى؛ زیاتر لە 20 بریندار هەن کە بەهۆى چەکى فسفۆڕەوە بریندار بوون و برینەکانیان شێوە و رەنگیان جیاوازن ، بەڵام بەگشتى ئەو جۆرە سووتاویانە بەهۆى چەکى کیمیایی وەک چەکى فۆسفۆڕى سپییەوە دروست دەبن".

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.