• راپۆرتێکی بەرفراوان دەربارەی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم بڵاودەکرێتەوە .
• تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر لە رۆژئاوای کوردستان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
• داوادەکەین حکومەتی فیدراڵی وەڵامێکی ئەرێنی پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.
رۆژی چوارشەممە 2019/10/23 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە .
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە لە رۆژانی داهاتوودا و لە دوای کۆتاییهاتنی سەد رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، راپۆرتێکی بەرفراوان بڵاو دەکرێتەوە و تێیدا بە وردەکارییەوە ئاماژە بەو کار و پڕۆژانە دەکرێت کە ئەنجام دراون و ئەوانەی نەتوانراوە ئەنجام بدرێن لە گەڵ روونکردنەوەی هۆکارەکانی ئەنجام نەدانیان. لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گوتی حکومەت هی خەڵکە و دەبێ لە خزمەتی خەڵکدا بێت و هاووڵاتیان مافی خۆیانە بزانن حکومەت تا ئێستا چی کردووە.
دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق و ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە لەگەڵ داوا رەوا و یاسایییەکانی خەڵکی خۆپێشاندەری عێراقین بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ تووندوتیژیدا نین ئینجا لە هەر لایەکەوە بێت .
پشتگیریش لە هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بەڵام داواکارین هاووڵاتیان بە شێوازێکی ئاشتیانە داواکارییەکانیان بخەنەڕوو و دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقیش بەرپرسیارانە وەڵامی داخوازی ئاشتیخوازانەی خۆپێشاندەران بدەنەوە، گوتیشی سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، هەروەها هیوادارین کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە پێی دەستوور چارەسەربکرێن و بەغدا وەڵامێکی ئەرێنی پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە.
لە بارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سوریاش ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لەگرژبوونی دۆخەکە نیشاندا و ئاماژەی بە لێکەوتە خراپەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد کە تا ئێستا زیاتر لە هەشت هەزار پەنابەر بە هۆی ئەم دۆخەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە ، روونیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێوست بێت بۆ هاوکاریکردنیان ئەنجامی دەدات بەڵام پێویستی بە هاوکاری حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە کە لەمبارەیەوە یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێداچوونەوە بە پێکهاتەی کارگێڕی و دارایی وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت کرد بە رەچاوکردنی دۆخی ئێستا، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا هەر وەزارەتێک لە لای خۆیەوە بە وردیی پێداچوونەوە بە پێکهاتەی وەزارەت و دامەزراوەکانی بکات بە پێی پلان و خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو بە ئاراستەی زیاتر بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەی خەرجییەکان هەروەک لە هێڵە گشتییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە ، خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەی لکاندنی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە بوو کە لەلایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایە روو. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پڕۆژەکە بە شێوەیەکی مەبدەئی پەسەند بکات دوای ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی راپۆرتێکی فەرمـانگەی هەمـاهەنگی و بەدواداچوون کرد بـۆ ڕێكخسـتنەوە و كـۆکردنەوە و هەڵگرتنی ســــەرجەم ئەو دۆکیۆمێنت و ڕێككەوتننامە و یاداشتی لەیەکگەیشتنانەی کە لەکاتی سەردانی فەرمی شاندەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بــــۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام دراون ، ئەمەش لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تێێدا هاتووە ئەنجامدانی ئیفاد و سەفەر و کۆنگرە و کۆنفرانس بە پێی پێویستی دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.