له پارێزگه‌كانی باشووری عیراق خۆپیشانده‌ران ڕژانه شه‌قامه‌كان و هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باره‌گای لایه‌نه سیاسییه‌كان و باره‌گا فه‌رمییه‌كان.
له‌و ڕووه‌وه خۆپیشانده‌ران له شاری ناسریه‌و سه‌ماوه باره‌گای هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانی عیراقیان له‌و دوو شاره سووتاند.
لای خۆیانه‌وه هێزه‌كانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له شاری عیماره ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كرد‌و له ئاكامدا پێنج خۆپیشانده‌ریان كوشت كه ده‌یانویست هه‌ڵبكوتنه سه‌ر باره‌گاكه‌یان.
دواتریش ژماره‌یه‌ك ده‌مامكدار به بۆمبی ده‌ستی هێرشیان كرده سه‌ر باره‌گای عه‌سائیب ئه‌هل حه‌ق و پازده كه‌سیان لێ برینداركردن پێنجیان برینه‌كانیان سه‌خته.
له شاری سه‌ماوه‌یش له‌كاتی سووتاندنی باره‌گای بزووتنه‌وه‌ی چاكسازی خۆپیشانده‌رێك گیانی له ده‌ست دا‌و دووی دیكه‌یش برینداربوون كاتێك ئاگری ته‌لاره‌كه گه‌مارۆی دان.
له شاری به‌سره‌یش خۆپیشانده‌ران له به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌دا ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و هێزه ئه‌منییه‌كان گازی فرمێسكڕێژیان دژ به خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناو له ئاكامدا نزیكه‌ی هه‌شتا بریندار گه‌یه‌نرانه نه‌خۆشخانه‌كان. هاوكات له شاری دیوانییه خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌كه‌و ویستیان بیسووتێنن و هێزه ئه‌منییه‌كان گازی فرمێسكڕێژیان دژ به خۆیپشانده‌ران به‌كارهێنا دواتر خۆپیشانده‌ران چوونه ناو باره‌گاكه‌و ئاگریان تێ به‌ردا.
له شاری كووتیش خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌و دوو باره‌گای لایه‌نه سیاسییه‌كانیان سووتاند. له شاری نه‌جه‌فیش خۆپیشانده‌ران باره‌گای حزبی ده‌عوه‌یان سووتاند.دوا ئاماریش ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له عیماره شه‌ش خۆپیشانده‌ر و له ناسرییه شه‌ش خۆپیشانده‌ر و له سه‌ماوه یه‌ك خۆپیشانده‌ر و له به‌سره‌یش سێ خۆپیشانده‌ر كوژران و له هه‌موو پارێزگه‌كانی باشوور دوو سه‌دو حه‌ڤده خۆپیشانده‌ر برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.