ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بۆ زیاتر چل کەس بەرزبووەوە و قەدەغەی هاتووچۆش لە زۆربەی شارەکان راگەیەنرا.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق، بۆ زیاتر لە چل کەس و بریندارانیش بۆ نزیکەی سێ هەزار کەس بەرزبووەوە و ههروهها قەدەغەی هاتووچۆش لە پارێزگاکانی زیقار، بابل، واست، بەسڕە موسەننا و میسان راگەیەنرا. هاوکات، خێوەتی مانگرتنیش لە گۆرەپانی تەحریر هەڵدران.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، هەندێک کەس خۆپیشاندانەکانی بۆ مەبەستی کوشتنی خەڵک و هێزە ئەمنییەکان قۆستووەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران کۆببێتەوە. لە راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، تایبەت دەبێت بە وەڵامدانەوەی داواکاری خۆپیشاندەران و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجامدانی چاکسازییەکان.
ههر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی لیژنەی لیکۆڵینەوە لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ئەم مانگەش تاوتوێ دەکرێت.
دوێنێ خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدا شارەکانی باشووری عێراق بۆ داواكردنی هەلی كار، دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت و دژایەتی گەندەڵی بەرێوەچوو، بڕیارە ئەمڕۆش بەردەوام بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.