Erbil 38°C ھەینی 22 ئایار 19:31

جۆن کیری: تره‌مپ خیانه‌تی له‌ کورد کرد ، کورده‌کان له‌سه‌ر زه‌وی هاوپه‌یمانمان بوون

ئاڵای رووسیا له‌سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا ده‌شه‌كێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش قه‌باره‌ی زیانه‌كانی ئه‌مه‌ریكات پێده‌ڵێت
کوردستان TV
100%


جۆن كیری، وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ ئیداره‌ی باراك ئۆباما، ره‌خنه‌ له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌گرێت له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا له‌ دۆسیه‌ی سووریادا راگه‌یاند كه‌ واشنتۆن زیانێكی زۆری به‌ركه‌وتووه‌. 

كیری له‌ دیدارێكی كه‌ناڵی CNN ئه‌مه‌ریكی گوتوویه‌تی: "زیانمان به‌ركه‌وت، سه‌رۆك تره‌مپ خیانه‌تی له‌ كورد كرد، كورده‌كان له‌سه‌ر زه‌وی هاوپه‌یمانمان بوون، ئه‌وان رۆڵێكی بنه‌ڕه‌تییان هه‌بوو له‌ شكستهێنان به‌ داعش و پاراستنی سنووره‌كان له‌گه‌ڵ توركیا، له‌ كاتێكدا توركیا ره‌تیده‌كرده‌ووه‌ سنووره‌كانی خۆی له‌ هاتنی داعشه‌كان بپارێزێت. 

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: ئێستا سه‌رۆك تره‌مپ رێگای به‌ ئه‌ردۆغان داوه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت به‌ ده‌ستیبهێنێ، له‌ راستیدا تره‌مپ ئه‌وه‌ی پێشكه‌شی ئه‌ردۆغانی كرد، له‌ ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیادا هێنده‌ی ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، هاوكاریی توركیای كرد بۆ چۆڵكردنی ناوچه‌ نزیكه‌كانی سنوور، ئه‌وه‌ش رووداوێكی ئاسایی نییه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ زیانمان به‌ركه‌وتووه‌. 

هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌ زیانه‌كان له‌و ساتانه‌وه‌ به‌رمانكه‌وت كه‌ له‌ تویته‌ره‌وه‌ نووسی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا ده‌كێشینه‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ واشنتۆن ئه‌و پێگه‌یه‌ی له‌ ده‌ستدا كه‌ له‌ سووریا ده‌یویست له‌گه‌ڵ رووسیا و لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا كێشه‌ی سووریا چاره‌سه‌ر بكات، ئێستا وێنه‌كه‌ روونه‌ هیچ هێزێكی دیپلۆماسی له‌ پشت ئه‌و رووداوانه‌وه‌ نییه‌. 

وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ ئێستا ده‌بینین ئاڵای رووسیا له‌سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا ده‌شه‌كێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش قه‌باره‌ی زیانه‌كانی ئه‌مه‌ریكات پێده‌ڵێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.