لەژێر چاودێری قائیمقامییەتی قەزای چۆمان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە سنوری دەڤەری باڵەکایەتی، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی پیتاک و هاوکاریان بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند.
بەندی خالید، ئەندامی سەرپەرشتی کەمپینەکە، بە سایتی کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: وەک هاوسۆزی و ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکەی سنوورمان هەستاین بە ڕاگەیاندنی کەمپینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاڤا.
گووتیشی: کەمپینەکە ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت، خەڵکێکی زۆر هاوکارییەکانیان گەیاندۆتە بنکەی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان، داواش لەهەموو خەڵکی باڵەکایەتی دەکەین بەپێی توانا هاوکاربن، بۆ ئەوەی ببینە هۆکارێک بۆ باشترکردنی ژیانی خوشک و برایانمان کە ئێستا لە ژیانێکی سەختدان و خەریکە وەرزی سەرما و بارانبارین دەگات.
وابڕیارە دوای کەمپینەکە، هاوکارییەکان بگەیەندرێنە ئەو کەمپانەی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی تێدا نیشتەجێ کراون، کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.



کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.