Erbil 38°C پێنجشەممە 19 شوبات 22:18

ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی عێراق گەیشتە 75 کەس

سێ هەزار و 654 خۆپیشاندەر و كارمەندی ئەمنیش بریندارن
کوردستان TV
100%

سەرچاوەیەكی پزیشكی رایگەیاند كە یەكێك لە بریندارانی خۆپیشاندانەكانی رۆژی هەینی رابردووی شاری بەسرە، گیانی لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكان بەرزبوویەوە بۆ 75 كەس.

پێشتر كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ دوایین ئاماری سەبارەت بە ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەكان بڵاوكردبوویەوە و رایگەیاندبوو كە لە میانی خۆپیشاندانەكانی شاری بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشوور لە رۆژی هەینی رابردووە تا ئێوارەی دوێنێ‌ یەكشەممە، 74 خۆپیشاندەر كوژراون و سێ هەزار و 654خۆپیشاندەر و كارمەندی ئەمنی برینداربوون.

سەرچاوەكە كە لە بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی فێركاری بەسرە كار دەكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەكێك لە بریندارانی خۆپیشاندانەكانی رۆژی هەینی رابردوو لە شارەكە بە هۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە".

بەمەش ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە میانی خۆپیشاندانەكاندا كوژراون لە 74ی كەسەوە بەرزبوویەوە بۆ 75كەس.

هاووڵاتییانی عێراق لە شاری بەغدا و ژمارەیەك شاری ناوەڕاست و باشوور، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داوا دەکەن حکوومەت دەستلەکاربکشێنێتەوە.

خۆپیشاندەران لە یەكی تشرینی یەكەمدا دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و دواتر بە هۆی رێوڕەسمەكانی ئەربەعینییەوە خۆپیشاندانەكانیان وەستاند، دواتر رۆژی هەینی رابردوو دەستیان پێكردەوە و لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی بەغدای پایتەخت خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

سەرەتا خۆپیشاندەران داوای باشكردنی خزمەتگوازرییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و رەخساندنی دەرفەتی كاریان دەكرد، بەڵام لەئێستادا، داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەت دەكەن.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.