وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند کە هەست بەنیگەرانییەکی قوڵ دەکات سەبارەت بەوەی ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن لە عێراق بە ناچاری داخراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راگەیەندراوێكی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق بڵاوكردەوە و تیادا هاتووە "ویلایەتە یەكگرتووەكان هەست بە نیگەرانییەکی قوڵ دەكات سەبارەت بە داخستنی دەزگاكانی راگەیاندن و پەنابردن بۆ چاودێریکردنی دەزگاکانی راگەیاندن لە بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە".
لە راگەیەندراوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئازادی رۆژنامەوانی بنچینەی سەرەكی چاكسازیی دیموكراسییە و هاتووە "پشتیوانی دەكەین لە ئازادی رادەبڕین كە دەستوور بە سەرجەم دامەزراوە میدیاییەكانی بەخشیوە، رۆژنامەوانان مافی خۆیانە لە ئارامی و ئاسایشدا كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن".
دوێنێ یەكشەممە كەناڵەكانی عەرەبییە و عەرەبییە حەدەس كە دوو كەناڵی سعوودیین رایانگەیاندبوو كە پەخشی كەناڵەكانیان لە عێراق راگیراون.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا باسی لەوەشكردووە كە لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان، بەوردی چاودێری رەشی عێراق دەكات و داواشی لە سەرجەم لایەنەكان كردووە كە دوور بكەونەوە لە بەكارهێنانی توندوتیژی.
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا تیشك خراوەتەسەر ئەوەی كە ئەمەریكا بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی حكوومەت، گەل، سەقامگیری و سەروەریی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.