نوێنهری حکومهتی ههرێمی کوردستان له ئهمریکا لەگەڵ لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان کۆبووەوەو گفتوگۆیان دەربارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرد.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان لهم بارهوه وتى" گراهام پشتگیری بەردەوامی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنهری حکومهتی ههرێمی کوردستان له ئهمریکا باسی کۆبوونەوەی نێوان خۆی و لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان دەکات و رایگهیاند" لەگەڵ سیناتۆر لیندزی گراهام دۆستی دێرینی گەلی کورد دیدارێکم ئەنجامدا و سوپاسی هەڵوێست و پشتگیرییەکانیم کرد لە گەلی کورد و هەرێمی کوردستان و ئەو هەڵوێستانەیم بەرز نرخاند".
نوێنهری حکومهتی ههرێمی کوردستان له ئهمریکا وتى" لە دیدارەکەدا بە تێر و تەسەلی باسمان لە دوایین پێشهات و رووداوەکانی عێراق و خۆپێشاندانەکان و داوا رەواکانی خۆپێشاندەران کرد.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەڵێت، جەختم لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت مافە رەواکانی گەلی کوردستان هەروەك چۆن لە دەستووری ئێستای عێراقدا هاتووە بپارێزرێن لە ئەگەری هەر گۆڕانکاڕییەکدا، هاوکات لەو رووەوە داوای پشتگیری ئەمریکای لە سینتۆری دیاری کۆمارییەکان کردووە.
وەک بەیان سامی عەبدولڕەحمان باسی کردووە، لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆیان دەربارەی چۆنییەتی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە هەموو رووەکانەوە کردووە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، لە کۆبوونەوەکەدا لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان پشتگیری بەردەوامی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەک بەیان سامی عەبدلڕەحمان ئاماژەی پێداوە، باسیان لە تەنگژەی مرۆیی کردووە کە لە دوای سەرهەڵدانی توندو تیژییەکان لە سووریا دروستبوو و بووە هۆکاری ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی سیڤیل کە زیاتر لە 12 هەزاریان ئێستا گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.