Erbil 38°C سێشەممە 24 شوبات 21:42

په‌رله‌مانتارێکی پێشوو: لەماوەی ڕابردوودا زۆرترین پێشێلکاری لە دەستووری عیراق کراوە

چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بە گۆرینی دەستوور نابێت بەڵکو بە دەستبرینی حزب و میلیشیاکانی دەبێت
کوردستان TV
#7
100%


ئەندامێكی پێشوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: لەماوەی ڕابردوودا زۆرترین پێشێلكاری لە دەستووری عیراق كراوە، ئەوانەی بڕیار بەدەست بوون لە بەغدا هەر ماددەیەكی دەستوور لە بەرژەوەندیان نەبووە پشتگوێیان خستووە.

مەسعود حەیدەر، ئەندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیوویه‌تی: لە ماوەی چواردە ساڵی رابردوو زۆرترین پێشێلکاری کراوە لەسەر دەستووری عێراق و بە ئینتقائی مامەڵە لەگەڵ دەستوور کراوە، ئەوانەی بڕیار بەدەست بوونە لە بەغداد ھەر ماددەیەکی دەستوور لە بەرژەوەندیان نەبووە پشتگوێیان خستووەو زۆرجاریش یاساو بڕیاریان دەرکردووە کە دەستووری پێشێلکردووە. بەو ھەموو پێشێلکایەشەوە نەیانتوانیوە ژیانێکی شەرەفمەندانەو خزمەتگوزارێ بنەرەتێکان بۆ ھاووڵاتیانی عێراق دابین بکەن و کار بگاتە ئەوەی کەرتەکانی پەروەردەو تەندروستی خراپترین بێت لە ناوچەکەدا و رێژەی ھەژاری و بێکاری لە ئاستێکی مەترسیدار بێت و ژمارەی دانیشتووانی عێراق ساڵی ملیۆنێک زیاد بکات و رێژەی گەنجانی لە ھەڵکشان بێت و حکومەت و حزب و دەسەڵاتدارانی بەغداد ھیچ روئیایەکیان نەبێت بۆ داھاتوو.

مەسعود حەیدەر ده‌ڵێت: لە رووی ئابووریەوە عێراق ساڵ بە ساڵ بەرەو خراپی دەروات و ھەنگاوەکانی چاکسازی بۆ کورت مەودا خەڵکەکەی لەوانەیە کپ بکات، بەڵام لە ساڵانی داھاتوو زۆر گەورەتر دەتەقێتەوە چونکە زیاتر لە 60٪‏ خەرجێکانی عێراق لە ساڵی 2020 بۆ مووچە سەرف دەکرێت و حکومەت داھاتی ئەوتۆی نامێنێ بۆ خەرجی بەرھەمھێنان و رێژەی بێکاری و ھەژاری لە ھەڵکشانی زیاتر دەبێت و کەرتی پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزاری کارەباو ئاوەدانکردنەوە سست و خراپتر دەبێت.

چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بە گۆرینی دەستوور نابێت بەڵکو بە دەستبرینی حزب و میلیشیاکانی دەبێت لە دەوڵەت و ئابووری ووڵات و داخستنی نووسینگەی ئابوورێکانیان کە ئابووری ووڵاتیان قۆورخ کردووە و ژینگەی بەرھەمھێنانیان کوشتووە.

کێشەی سەرەکی لە دەوڵەتی عێراق رێزنەگرتن بووە لە دەستوورو یاساکان، عێراق یەکێکە لە ووڵاتە پێشەنگەکانی دونیا کەیاسای تێدا پێشێل دەکرێت و لە خراپترین ئاستی جێبەجێکردنی یاسادایە بەراورد بە سودان و یەمەن و لبنان و کینیا.

دەوڵەتی عێراق لەسەر سێ بنەمای گرنگ دامەزرایەوە ( تەوافوق و تەوازون وشەراکە) وە رێزگرتن و پابەندبوون بە دەستوور و یاساکان، لە ماوەی چواردەساڵی رابردوو ھەموو ئەو بنەمایانە پێشێل کراوەو داھاتی عێراق بەھەدەر چووەو لەوەتەی دەوڵەتی عێراق درووست کراوە کەس خەونی بەو داھاتەوە نەبینیوە کە لە دوای ساڵی 2003ەوە ھاتۆتە خەزینەی دەوڵەتەوە کە بڕەکەی ھەزارو حەفتا ملیار دۆلارە تاوەکو ئێستا، بە پێ ی زانیارێکان نزیکەی 450 ملیار دۆلاری ئەم داھاتە بە شێوازی جیاواز بەھەدەر دراوەو دزراوە.

ئێستاش شەقامی عێراق وا تێگەیەندراوە کەوا ھۆی نەھامەتێکانیان دەستوورە، لە ئەسڵا ھۆی نەھامەتی عێراقێکان حزبەکان و بەشێک لە سەرکددەکانی عێراقن نە فەشەلیان ھێناوە لە ئیدارەدانی دەوڵەت و پێویستە دان بەو فەشەلە بێنن.

بۆچی ھەوڵی گۆرینی دەستوور ئەدەن؟ بەشێک لە ئامانجی گۆرینی دەستوور لێدانە لە سیستمی فیدراڵی و لامەرکەزیەت لە عێراق، ھەرگیز دەسەڵاتدارانی عێراق بروایان بە سیستمی فیدراڵی نەھێناوەو ھەرێمی کوردستان دیفاکتۆ بووەو رێگەیان نەداوە ھەرێمی تر دروست ببێت و ئێستاش بە دەستێوەردانی ووڵاتانی ئقلیمی بە گونجاوی ده‌زانن سیستمی فیدراڵی ھەڵوەشێننەوەو عێراق بکەنە دەوڵەتێکی سەرۆکایەتی مەرکەزی و سیاسەتی ئابوری و ئەمنی و سەربازی و خارجی ھەمووی لە مەرکەزەوە بێت و ھەرێم رۆڵی نەمێنێت و سیاسەتی ئەمری واقع بسەپێنن لە عێراق، بۆیە پێویستە کورد بۆ ھەموو ئەگەرێک خۆی ئامادە بکات و ھەنگاوی یەکەمیش یەکێتی ناوماڵی کوردە و پێویستە حزوری کوردی لە بەغداد زیاترو بەھێزتر بێت لە ناوەندە سیاسێکان و دوورەپەرێز نەبین.

ئەوەی سەرکردە مێژوویەکانی کورد لە ساڵی 2005 بۆ کورد بەدەستیان ھێناوە لە ھەڵومەرجێکی مێژووی گرنگ بووەو دوو ھێزە سەرەکێکەی کورد وەکو یەک تیم کاریان بۆ کردووە و پێویستە لە ئێستادا ئەو یەک تیمیە دروست بکرێتەوەو بەرگری لە دەسکەوتی ئەو سەرکردانەی کورد بکرێت کە ھەموو ژیانیان بۆ میللەتەکەیان تەرخان کردووە ( سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان).

خەباتی بەرگری لە ئازادی میللەتەکمان و خاک و قوربانی سەد ساڵی رابردوو بەردەوامی ھەیەو دەبێ ھەموومان یەک بین و سەرۆک مەسعود بارزانی رابەرایەتی و مەرجەعیەتی یەکبوون و یەکێتی گەلی کوردستان دەکات لەم قۆناغە مێژوویە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.