Erbil 38°C دووشەممە 18 تشرینی دووەم 03:19

هۆکاری ئه‌نفلۆنزای وه‌زری و خۆپاراستن و چاره‌سه‌ر

كوتان سه‌ركه‌وتووترین رێگاچاره‌یه‌ بۆ دووربوون له‌تووشبوون به‌ ئه‌نفلۆنزا
کوردستان TV
100%

ئه‌نفلۆنزای وه‌زری په‌تایه‌كی درمیه‌ كه‌به‌هۆی چه‌ند جۆرێك ڤایرۆسه‌وه‌ دروست ده‌بێت و به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان له‌نێوان مرۆڤه‌كان بڵاده‌بێته‌وه‌ و تووشی هه‌مووان ده‌بێت و به‌پێی ته‌مه‌نی مرۆڤه‌كان نیشانه‌كان و كاریگه‌رییه‌كانی ده‌گۆرێت.

بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزا له‌وه‌زری زستاندا ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی و ده‌بێته‌ هۆی نه‌خۆشكه‌وتنی توندی 3 بۆ 5 ملیۆن كه‌س و هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 250 بۆ 500 هه‌زار حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان به‌هۆی ئه‌نفلۆنزاوه‌ تۆمارده‌كرێت به‌تایبه‌ت له‌نێوان منداڵان و به‌ساڵاچووان و ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌.

جۆره‌كانی ئه‌نفلۆنزای وه‌زری:

ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی دابه‌ش ده‌كرێت بۆ چوار جۆری سه‌ره‌كی كه‌ هه‌ندێكیان تووشی مرۆڤ ده‌بێت و هه‌ندێك جۆری دیكه‌شیان تووشی ئاژه‌ڵ ده‌بێت ئه‌وانیش:

- ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی جۆری (A  و  B) هۆكاری نه‌خۆشی ئه‌نفلۆنزای وه‌زرین كه‌ ساڵانه‌ له‌وه‌زری پایز و زستاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌.

- ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای جۆری (C) تووشی مرۆڤ ده‌بێت و هۆكاری ئه‌نفلۆنزایه‌ به‌درێژایی ساڵ.

- ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای جۆری (D) تووشی ئاژه‌ڵ ده‌بێت و بۆ مرۆڤ ناگوازرێته‌وه‌.

نیشانه‌كانی ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی:

* به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌ش به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ و كۆكه‌ و پژمین.

* سه‌رئێشه‌ و دروستبوونی ئازار له‌ماسولكه‌ و جومگه‌كان و ئاره‌ق كردنه‌وه‌.

* گێژبوون و هه‌وكردنی قوڕگ و زیادبوونی ده‌ردراوی لووت.

گواستنه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی:

ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی به‌ئاسانی ده‌گوازرێته‌وه‌ و به‌خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه‌ له‌شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان له‌وانه‌ خوێندنگاكان و شوێنه‌ گشتیه‌كان، كاتێك كه‌سێكی تووشبوو ده‌كۆكێت یاخود ده‌پژمێت ئه‌وا ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ناو هه‌وای ئه‌و شوێنه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ی لێوه‌ی نزیكن و هه‌ڵیده‌مژن.

ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزا له‌رێگه‌ی ده‌ستدان له‌شوێنه‌ پیسبووه‌كان به‌ ڤایرۆس و دواتر ده‌ست لێدان له‌چاو و لووت و ده‌م بڵاوده‌بێته‌وه‌، بۆ به‌رگرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ پێویسته‌ كه‌سانی تووشبوو له‌كاتی كۆكین و پژمین ده‌م و لووتیان داپۆشن.

ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌نفلۆنزا مه‌ترسیان له‌سه‌ر دروست ده‌كات:

ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی كاریگه‌ری توندی ده‌بێت له‌سه‌ر ژنانی دووگیان و منداڵانی خوار ته‌مه‌ن پێنج ساڵ و كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ وه‌ك كه‌سانی تووشبوو به‌ ئه‌یدز و ره‌بۆ و نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و ده‌ماره‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌بواری ته‌ندروستیدا كارده‌كه‌ن.

خۆپاراستن له‌ ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی:

كوتان سه‌ركه‌وتووترین رێگاچاره‌یه‌ بۆ دووربوون له‌تووشبوون به‌ ئه‌نفلۆنزا و كاریگه‌رییه‌كانی، به‌درێژایی 60 ساڵی رابردوو كۆمه‌لێك ڤاكسینی سه‌ركه‌وتوو دژی ئه‌نفلۆنزا به‌رهه‌م هێنراوه‌.

- ساڵانه‌ به‌كارهێنانی ڤاكسینی دژی ئه‌نفلۆنزای وه‌زری به‌ به‌رده‌وامی.

- شووشتنی ده‌سته‌كان به‌ باشی و به‌ئاو و سابون به‌رێكخراوی.

- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ده‌ست لێدانی ڕاسته‌وخۆ له‌چاو و ده‌م.

- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌به‌ركه‌وتنی ڕاسته‌وخۆ له‌كه‌سی تووشبوو یاخود به‌كارهێنانی كه‌لوپه‌له‌كانی.

- به‌كارهێنانی كلێنكس له‌كاتی پژمین و كۆكه‌ و دواتر فرێدانی.

- پاككردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی شوێنه‌كان وه‌ك مێز و كورسی دانیشتن.

- دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزا.

چاره‌سه‌ری ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی:

* به‌كارهێنانی ڤاكسینی دژی ئه‌نفلۆنزا باشترین رێگاچاره‌ی خۆپاراستنه‌.

* هه‌ندێك كه‌س له‌كاتی تووشبوون به‌بێ به‌كارهێنانی چاره‌سه‌ر چاك ده‌بنه‌وه‌.

* به‌كارهێنانی ده‌رمانی دژه‌ ئه‌نفلۆنزا به‌سووده‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌ری نه‌خۆشیه‌كه‌ و دروستبوونی مه‌ترسی به‌تایبه‌ت به‌كارهێنانی ده‌رمان له‌دوای 48 كاتژمێری ده‌ركه‌وتنی نه‌خۆشیه‌كه‌.

رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رێنوێنی ده‌دات ساڵانه‌ ڤاكسینی دژی ئه‌نفلۆنزا بدرێت به‌هه‌ندێك كه‌س له‌وانه‌ ژنانی دووگیان و منداڵانی ته‌مه‌ن 6مانگ بۆ 5 ساڵ و كه‌سانی به‌ته‌مه‌نی سه‌روو 65 ساڵ و تووشبووانی نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی.

كه‌ی پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشك بكه‌یت:

زۆرینه‌ی تووشبووانی ئه‌نفلۆنزای وه‌زری ته‌نیا پێویستیان به‌ پشودانه‌ له‌ماڵه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌ی بڕێكی زۆر شله‌مه‌نی، به‌ڵام له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشك بكرێت بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر.

 سه‌رچاوه‌/ ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروستی سلێمانی  

كوردستان تیڤی/ كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.