• پێویستە پەلە بکرێت لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی و ناردنی بۆ پەرلەمان
• چاکسازی دەبێ دادپەروەریی تێدا بێت و نابێت هیچ کەسێکی شایستە مافی بفەوتێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 2019/11/3 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو ، گفتوگۆ دەربارەی رەهەندە گشتییەکانی یاساکە و تایبەتمەندییە یاسایی و کارگێڕییەکەی کرا . جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پەلە بکرێت لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی وەک یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەند کردنی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە کە چاکسازی پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و پێویستە بە زووترین کات پڕۆژە یاساکە ئامادە بکرێت و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت . گوتیشی چاکسازی دەبێ دادپەروەریی تێدا بێت و نابێت هیچ کەسێکی شایستە مافی بفەوتێت، بەڵام لە هەمانکاتدا رێگەش بە کاری نایاسایی و ناڕەوا نادرێت.
لیژنەی ئامادەکردنەوەی پڕۆژە یاسای چاکسازی وەک بە شێکی گرنگی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بە سەرۆکایەتی وەزیری داد پێکهێنراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.