یانه‌ی ڕیال مه‌درید سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی له گه‌ڕی چواره‌می قۆناغی گڕوپه‌كانی خولی تۆپی پێی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا به‌ده‌ستهێناو به شه‌ش گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له یانه‌ی گه‌ڵاته‌سه‌رای میوانی برده‌وه
یاریزانانی یانه‌ی شاهانه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه فشارێكی توندیان خسته سه‌ر گۆڵی میوانه‌كه‌یان و چوار خولهك دوای فیكه‌ی ده‌ستپێكی ناوبژیوان، ڕۆدریگۆ سیلڤا دۆ گویسی هێرشبه‌ری لاوی به‌ڕازیلی گۆڵێكی بۆ ڕیال تۆماركرد، هێنده‌ی نه‌بردو سێ خولهك دواتر هه‌مان یاریزان گۆڵی دووه‌می خۆی و تیپه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، پاشان ناوبژیوان لێدانێكی سزای بۆ یانه‌ی شاهانه هه‌ژماركردو له جێبه‌جێ كردنی لێدانه‌كه‌دا، سێرجیۆ ڕامۆس گۆڵی سێیه‌می میوانداره‌كانی له خوله‌كی چوارده تۆماركرد
له خوله‌كی چلوپێنجیشدا، كه‌ریم بنزیمای فه‌ڕه‌نسی ڕیالی كرده خاوه‌نی گۆڵی چواره‌م و گێمی یه‌كه‌م به‌م ئه‌نجامه ته‌واوبوو
له گێمی دووه‌م و له به‌رده‌وامی هێرشه‌كانی میرێنگی و له خوله‌كی هه‌شتاویه‌كدا، بنزیما گۆڵی دووه‌می خۆی و پێنجه‌می تیپه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا، له دووه‌م خوله‌كی كاتی زیادكراوی یاریشدا، ڕۆدریگۆ سیلڤا دۆ گویس گۆڵی سێیه‌می خۆی و شه‌شه‌می تیپی میوانداری تۆماركرد‌و بووه هاتریكی یاری و كۆتایی به كه‌رنه‌ڤالی گۆڵه‌كانی یاریه‌كه هێنا
به‌م بردنه‌وه‌ش كۆی خاڵه‌كانی ڕیال مه‌درید له پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی گڕوپی یه‌كه‌م بۆ حه‌وت خاڵ به‌رزبووه‌وه‌و گهڵاتهسهرایش به ته‌نها خاڵێك له پله‌ی چواره‌م و كۆتایی به ڕیزبه‌ندی گڕوپه‌كه دێت
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.