به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین له ڕاگهێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: شه‌وی ڕابردوو ته‌رمی دوو كرێكار به ناوه‌كانی (س،م) و (م،س) له ڕه‌گه‌زی نێر كه دانیشتووی ڕانیه‌ن گه‌ێندرانه نه‌خۆشخانه‌ی گشتی ڕانیه، كه له كاتی كاركردن له بینایه‌كی سێنهۆمی، كه‌وتنه خواره‌وه و به‌هۆیه‌وه گیانیان له‌ده‌ستدا.
پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ڕایگه‌یاندووه: ڕووداوه‌كه له كاتێكدا ڕوویداوه هه‌ردوو كرێكاره‌كه له بینایه‌كی سێ نهۆمی له ناو بازاڕی ڕانیه خه‌ریكی به‌ستنی ئه‌سكه‌له بوون و له هه‌مان كاتدا سیمی ئهسكهلهكه پچڕاوه و كرێكارێكیان كه‌وتووه‌ته خواره‌وه و كرێكاره‌كه‌ی دیكه‌ش ویستوویه‌تی هاوڕێكه‌ی ڕزگار بكات له ئه‌نجامدا ئه‌ویش ده‌كه‌وێته خواره‌وه و گیان له‌ده‌ست ده‌دات.
ڕاشیگه‌یاندووه: دوای توێكاری پزیشكی بۆ ته‌رمه‌كانیان له پزیشكی دادی ڕانیه ڕاده‌ستی كه‌س و كاریان كرانه‌و و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ ڕووداوه‌كه كراوه‌ته‌وه و له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ش سێ كه‌س به فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیركراون و په‌پێی مادده‌ی 411 له‌یاسای سزادانی عێراقى ڕاگیراون و لێكۆڵینه‌وه‌ش له ڕووداوه‌كه به‌رده‌وامه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.