Erbil 38°C پێنجشەممە 21 ئایار 03:19

بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە

هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەو رێژەیەش بۆ وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێنێتەوە
کوردستان TV
100%

لە هەرێمی کوردستان سێ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان لەهەریەک لە شارەکانی هەولێر، سلێمان و دهۆک هەیە کە تایبەتە بەو ژن و منداڵانەی بە تاوانی جۆراوجۆر سزا دەدرێن و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش نیگەرانە لە بچووکی شوێنی ئەو سزادراوانە و هاوکات رایدەگەیەنێت کە ژمارەی سزادراون بەرزبووەتەوە و بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان و منداڵان لە هەولێرئاشکرای دەکات کە ماوەی ساڵێک دەبێت رێژەیەکی زۆر ئافرەت بە تاوانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزادراون و هۆکاری بەرزبوونەوەی ئەو رێژەیەش بۆ وڵاتانی دەوروبەر دەگەڕێنێتەوە.

لەمیانی سەردانیکردنی بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ژنان و منداڵان لە هەولێر، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کوێستان محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئامانجی سەردانەکەمان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە کە یەکەمیان لە بارودۆخی زیندانەکان بپێچینەوە و بزانین پێداویستییەکان و مامەڵەی کارمەندەکان لەگەڵ زیندانەکان چۆنن، دووەمیشیان بەسەرکردنەوەی بەشەکانی ناو زیندان و چاودێریکردنی دەوامی فەرمانبەران بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئەو چاکسازیانە بکەین کە لەچوارچێوەی پلانی وەزارەتماندایە".

کوێستان محەمەد گوتیشی: "هۆکارێکی دیکەی سەردانەکەمان بابەتی شوێنی زیندانییەکانە، چونکە ئەم شوێنانە بۆ رێژەیەکی دیاریکراو دروستکراون و ئێستاش ژمارەکان زیادیان کردووە، لە هەمانکاتدا پێویستە ماددەکانی تاوان لە ژوورەوە پۆڵین بکەین و تاوانباران لەیەکتر جیابکەینەوە".

لەبارەی ژمارەی زیندانەکان لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازی ژنان و منداڵان، کوێستان محەمەد گوتی: "بەشێکی زۆریان ئەوانەن کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هاتوون و لێرە بە ماددەی تیرۆر گیراون و بۆ ئەم مەبەستەش دەمانەوێت لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و حکوومەتی عێراق هەماهەنگی بکەین بۆ گواستنەوەی زیندانەکان بە پێی پێویست".

بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەحمەد نەجمەدین ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە هەرێمی کوردستان شەش بەڕێوەبەرایەتی هەیە لە هەولێر سلێمانی و دهۆک، سەرجەم ئەو کەسانەی کە تیایندا بەندکراون بریتیین لە نزیکەی ٤ هەزار و ٦٠٠ سزادراو بە پیاو، ژن و منداڵ".

هاوکات بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان و منداڵان لە هەولێر تەیب عەبدولعەزیز هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی رێژەی ئەو کەسانەی بە تاوانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و جەخت لەوە دەکاتەوە لەماوەی یەک ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کەسانەی بە تاوانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون روو لە هەڵکشانە و وڵاتانی دەوروبەریش بە هۆکار دەزانێت.

بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان و منداڵان لە هەولێر تەیب عەبدولعەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ١٤ هۆبە هەیە کە لە بوارە جیاجیاکان خزمەت بە زیندانییەکان دەگەیەنێت و ئەوانیش بریتین لە بەشەکانی قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، کتێبخانە، هۆڵی فێرکاری، یاریگا، بەشی فێربوونی میوزیک و چەند بەشێکی دیکەش کە هەموو بەشەکان دەتوانن سوودی لێ وەرگرن".

تەیب عەبدولعەزیز گوتیشی: "لێرە سێ بەش هەیە کە بریتیین لە بەشی سزادراون، راگیراوان و بەشی منداڵان کە ژمارەیان ٣٥٩ کەسە و لەو ژمارەیەش ٣٠٠ کەس لە بەشی راگیراوان و سزادراوانن و ٥٩ منداڵیش لە بەشی منداڵانن، ئەو منداڵانەیش کە لەگەڵ دایکیان گیراون".

لەبارەی ئەو تاوانەی کە زۆرترین کەسی پێ سزادراوە و لە زیندانەکانی چاکسازی ژنان و منداڵان، تەیب عەبدولعەزیز گوتی: "ساڵێک دەبێت دۆسیەکانی تایبەت بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و ئەمەش هۆکارەکەی بۆ سنوورەکانی وڵاتانی دراوسێ دەگەڕێنینەوە کە لەوێیەوە دێنە هەرێمی کوردستان".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.