رێکخراوی samaritans purse ئەمەریکی کە رێکخراوێکی کریستیانی خێرخوازییە، بە هاوکاری وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کەلوپەلەکان کە جلوبەرگ، پێخەف و کەلوپەلی خێمە لەخۆ دەگرن بهسهر پهنابهرانی رۆژئاوای كوردستان كه له كهمپهكانی ههرێم نیشتهجێن دابەش دهكات.
لهم بارهیهوه مووسا ئەحمەد، بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە گەیاندنی ئەو هاوکارییە مرۆییانە بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند: سوپاسی رێکخراوی سەمیرتان پرێس دەکەین کە یەکێکە لەو رێکخراوانەی بە درێژایی ئەو ماوەیە ئەو رەوشەی لە هەرێمی کوردستان دروستبووە، هاوکارییەکی زۆریان کردووین، هەم لەگەڵ ئاوارەکان و هەم لەگەڵ پەنابەران و هەمیش لەگەڵ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت.
بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی: ئەو هاوكارییانەی بەدەستمان دەگەن، ئەگەر لێرە زیاد بوون، بەدڵنیایەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستانیشی دەبەین. جگە لەوەش هاوكاری دیكهش بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ئامادە كراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا كاروانی چوارەم دەبەینە ڕۆژئاوای كوردستان.
مووسا ئەحمەد باسی لەوەش كرد: جگە لەو رێكخراوە، رێكخراوی تریش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بێن هاوكاری پەنابەران بكەن. بەتایبەت لەو كۆبوونەوەی بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە كەمپی بەردەڕەش كردمان، زیاتر لە 18 رێكخراو بەشدار بوون كە بەشێكی زۆریان پڕۆژەیان هەیە.
مووسا ئەحمەد گوتیشی: ئەو کەلوپەلانەی ئێستا هاتوون، تایبەت بۆ ئەو پهنابهرانهیه کە تازە هاتوونە ههرێمی كوردستان له كهمپهكان نیشتهجێ كراوهن، دهشڵێت کاریگەرییەکی زۆر باشی دەبێت، کەلوپەلەکانیش بریتین لە پێڵاو، جلوبەرگی زستانە، پارچەی سەر خێمەکان، هەموویان ئەو پێویستیانەن کە ئێستا لەنێو کەمپەکاندا زۆر پێویستن بە تایبەتی بۆ کەمپی بەردەڕەش.
بەرپرسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەشڵێت ئەمە کاروانی یەکەمە، کاروانی دیکەشی بەدوادادێت و گەیاندنی هاوکارییەکان بەردەوامی دەبێت.
شایهنی باسه لە دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 16 هەزار ئاوارە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە لە دوو کەمپی (بەردەڕەش و گەویلان)ی سەر بە پاریزگای دهۆک نیشتەجێ کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.