Erbil 38°C سێشەممە 24 شوبات 13:04

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان: هه‌رێمی کوردستان پێویستی به‌ هێزێکی نیشتیمانی یه‌کگرتوو هه‌یه‌

زانستی سه‌ربازیی وه‌ك هه‌ر زانستێكی دیكه‌ پاشخان و بنه‌مای زانستی خۆی هه‌یه‌
کوردستان TV
#7
100%

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاهه‌نگی ده‌رچووانی خولی 26ی ئه‌كادیمیای سه‌ربازی له‌ زاخۆ به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ خولی بیست و شه‌شی ئه‌كادیمیای سه‌ربازی زاخۆدا ئه‌فسه‌رانی به‌شداربووی خوله‌كه‌ به‌ تیۆری و پراكتیك مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازییان وه‌رگرتووه‌ و دوای ده‌رچوونیشیان به‌ زانستی سه‌ربازی سه‌رده‌م له‌ ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان درێژه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌ربازی ده‌ده‌ن.

شایه‌نی باسه‌ له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و   له‌ میانه‌ی گوتاره‌كه‌شدا ڕایگه‌یاند:

"خۆشحاڵم كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌شداری له‌ خولی 26ی پێگه‌یاندنی ئه‌فسه‌رانی كوردستان ده‌كه‌ین، پیرۆزبایی له‌ ده‌رچووان و ده‌ستخۆشی له‌ كۆلێژی سه‌ربازیی زاخۆ ده‌كه‌م بۆ رێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م خوله‌، سوپاس بۆ هه‌وڵ و ماندووبوونی سه‌رپه‌رشتیاران و مامۆستایان و راهێنه‌ران و عه‌میدی كۆلێژی سه‌ربازیی. سوپاس بۆ هه‌موو لایه‌ك.

 ڕاشیگه‌یاند: گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام به‌ توانا مرۆییه‌كان گرنگترین مه‌رج و پێداویستی پێشكه‌وتن و په‌ره‌پێدانه‌ له‌ هه‌ر سێكته‌رێكدا، به‌ جۆرێك وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی خواستی قۆناخی روحی سه‌رده‌مه‌كه‌ی بێت، ئه‌فسه‌ران، چه‌قی پلاندانان، تاكتیكی جه‌نگی، رێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی هێزی سه‌ربازیین، بۆیه‌ تواناسازی به‌رده‌وام له‌ توێژی ئه‌فسه‌راندا گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنانه‌ له‌ كه‌رتی سه‌ربازییدا، چونكه‌ سه‌رمایه‌ی مرۆیی له‌ سه‌روه‌ریی هه‌موو سه‌رچاوه‌كان و سه‌رمایه‌كانی دیكه‌وه‌یه‌.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: زانستی سه‌ربازیی وه‌ك هه‌ر زانستێكی دیكه‌ پاشخان و بنه‌مای زانستی خۆی هه‌یه‌ و هاوشانی پێشكه‌وتنه‌ خێراكانی ته‌كنه‌لۆژیا و كه‌ره‌سته‌ی جه‌نگی، به‌ به‌رده‌وام له‌ پێشكه‌وتن و نوێبوونه‌وه‌دایه‌، خولی پێگه‌یاندن و فێربوونی به‌رده‌وام پێویستییه‌كی گرنگه‌ بۆ هه‌موو ئه‌فسه‌ران و هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

 په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندن له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانپه‌روه‌ری، مرۆڤدۆستی و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارییه‌تیكردن، جه‌نگاوه‌ری خاوه‌ن بیروباوه‌ڕ و به‌رگریكاری خاوه‌ن ئیراده‌ له‌ ماف و به‌ها نیشتمانییه‌كان به‌رهه‌مده‌هێنێت.

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگه‌یاند: پێشمه‌رگه‌ و سه‌رجه‌م هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان، خاوه‌ن مۆڕاڵ و هێزن و له‌ جیهان به‌سیمبوولی ئازایه‌تی و به‌رگری ناسراون.

ڕاشیگه‌یاند: شكستهێنان به‌ داعش شانازییه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ و ئه‌فسه‌رانی كوردستان و هه‌روه‌ها هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان جێگای شانازیی هه‌رێمی كوردستانن.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ هێزێكی نیشتیمانی یه‌كگرتوو و هێزی پاراستنی گه‌ل و وڵات هه‌یه‌ .

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه‌ دووربێت له‌ ململانێی ناو‌خۆیی و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كان بێت و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ قبوولی نه‌بێت هێزی حیزبێكی دیاریكراو بێت.

ڕاشیگه‌یاند: پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌شخان، له‌ شه‌ڕی داعش مه‌ردانه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ .

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگه‌یاند: ده‌بوایه‌ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ردا قوربانی بده‌ن و به‌رگری بكه‌ن و هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر نیشتیمان،‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر هه‌موو لایه‌ك.

له‌ باره‌ی تیرۆرستانی داعشیشه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی گوتى: تێرۆرستانی داعش جیاوازیان له‌ نێوان هیچ لایه‌نێك نه‌كرد‌ و شه‌ڕی داعشیش ده‌رفه‌ت بوو بۆ رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

ڕاشیگه‌یاند: ده‌بێ له‌ ڕابردوومان ئه‌زموون وه‌ربگرین  و ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ جورئه‌ته‌وه‌ كه‌موكوڕییه‌كانمان ده‌ستنیشان بكه‌ین و كاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ كار بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی چاكسازیی بكه‌ین و ده‌بێت ببینه‌ خاوه‌ن هێزێك كه‌ له‌ ناوه‌ندێكی بڕیاردان فه‌رمان وه‌ربگرێت و هه‌ر بۆیه‌ به‌رده‌وام ده‌بین بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بابه‌تی رێكخستن و چاكسازی له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌ند وه‌رگرتووه‌.

له‌ باره‌ی هاوپه‌یمانانیشه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: سوپاسی هاوكاریی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م و هاوپه‌یمانان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان كردووه‌.

له‌ كۆتایشدا ڕایگه‌یاند: دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ ده‌رچووان ده‌كه‌م و سڵاو و ڕێز بۆ شه‌هیدانی ڕێگه‌ی كوردستان ده‌نێرین  وسه‌ری ڕێز بۆ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان داده‌نوێنم."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.