ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق بڵاوی كرده‌وه كه رێككاری تایبه‌تیان بۆ لێكۆڵینه‌وه له دیارنه‌مانی بڕێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه كردووه، كه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ شار و ناوچه رزگاركراوه‌كانی سنووری كه‌ركووك له ده‌ست داعش ته‌رخان كراوه و له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و شاره‌وه به پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كان به‌هه‌ده‌ردراوه.
لهراگهیاندراوێكدا ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى عێراق بڵاو كرده‌وه كه بڕێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه له میوانداری به‌هه‌ده‌ر دراوه، كه تایبه‌ت به ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ قه‌زا و ناوچه و ناحیه رزگاركراوه‌كان له ده‌ست چه‌كدارانی داعش ته‌رخان كرابوو، به‌مه‌ش پێشێلی رێنماییه‌كانی جێبه‌جێكردنی بودجه‌ی گشتی ساڵی 2018ـی عێراق كراوه.
راشیدهگهیهنن لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان و گوێگرتن له قسه‌ی شایه‌تحاڵه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌و بڕه پاره‌یه پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی خه‌رجكراوه.
ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى عێراق ده‌شڵێت ، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی له‌و دۆسییه‌دا راكان جبووری، پارێزگاری ئێستای كه‌ركووكه و دادوه‌ری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌ركووك به‌گوێره‌ی مادده‌ی "340" له یاسای سزاكانی عێراق فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ئه‌و و 6 به‌رپرسی دیكه‌ی پارێزگا ده‌ركردووه، كه بریتین له سكرتێری پارێزگار، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی پارێزگار، به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌شه‌كانی وردبینی، ژمێریاری و گرێبه‌سته‌كان و سه‌رۆكی لێژنه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می كڕین له پارێزگا.
لهبهشێكى دیكه‌ى راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه ، كه دادوه‌ر فه‌رمانی راگرتنی تۆمه‌تباره ناوبراوه‌كانی ده‌ركردووه و بڕیاریداوه سه‌ردانی بینایه‌ی پارێزگا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی خه‌رجیی میواندارییه‌كان بهێنێت و لێپرسینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ به‌شی سه‌رچاوه مرۆییه‌كانی كه‌ركووك و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌بای ئه‌و پارێزگایه‌ش ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له دۆخی یاسایی سێ له كه‌سه نزیكه‌كانی جبووری دڵنیا بێته‌وه، ئاخۆ فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌و دوو فه‌رمانگه‌یه‌ن یان نا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.