جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی سەرۆکۆمار و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگهیاند: پێویستە ھەمواری دەستور مافی گشت پێکھاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.
رۆژی چوارشەممە 13/11/2019 دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، بەشداربوو لە كۆبوونەوەی دکتۆر بەرھەم صاڵح سەرۆک کۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، به ئامادهبوونى ژمارەیەک لە وەزیرەکان و بەرپرسانی کورد و سەرۆک فراکسیۆنە کوردیەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ ھەرسێ سەرۆکایەتیەکە و بەرپرسانی دیکەی عێراق کرد و رایگەیاند: ئەو سەردانە ھەنگاوێکی ئەرێنی زۆر باشە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و پەیامێکیشە بەوەی کە ھەرێمی کورستان بە گرنگیەوە سەیری ئەو بارودۆخە دەکات کە لە بەغداو ژمارەیەک لە پارێزگانی دیکەی عێراق دەگوزەرێت و ئامادەیی ھاوکاریشە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان و تێپەڕکردنی قەیرانەکان و پێشکەشکردنی ھاوکاری پێویست بۆ گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرێ بۆ تەواوی وڵات.
دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەشی بەوەدا، پێویستە ھەر ھەموارکردنەوەیەک لە دەستوردا لە پێویسته له خزمەت بەرژەوەندی نیشتمانی بێت و گرەنتی مافی تەواوی پێکھاتەکان بدات و ئازادیەکان بپارێزێت و لە ھەمان کاتیشدا ھاوتابێت لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و چەسپاندنی دادپەروەری و جێگیرکردنی دیموکراسی لە وڵاتدا و دروستکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ تەواوی ھاوڵاتیانی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.