Erbil 38°C چوارشەممە 20 ئایار 16:35

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی له‌دوای کۆبوونەوەی واشنتون راگەیندراوێكى بلاوكرده‌وه‌
کوردستان TV
100%

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکاتەوە لە "راهێنان، راوێژدان و پاڵپشتیکردن"ی ئەو هێزە هاوبەشانەی بەردەوام دەبێت کە لە عێراق و سووریا شەڕی رێکخراوی داعش دەکەن، لەوانەش هێزەکانی پێشمەرگە. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوی دوای کۆبوونەوەی واشنتوندا داوا لەو هێزانەش دەکات لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بوونیان هەیە بۆ ئەوەی بەهۆشیارییەوە مامەڵە بکەن و رێگە نەدەن هیچ بۆشاییەک دروستبێت کە بکرێت رێکخراوی داعش بە مەبەستی بەهێزکردنی خۆی بیقۆزێتەوە. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، "هانی تەواوی ئەو لایەنانە دەدەین کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان بۆ ئەوەی لەبەرامبەر هەڕەشەی تیرۆریزم بەهەموو شێوەکانییەوە هۆشیاربن و ئەو پێشکەوتنە بپارێزن لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە بەدەستهاتووە. هانیان دەدەین هیچ بۆشاییەکی ئەمنی لەناوچەکەدا دروستنەکەن کە بکرێت داعش بیقۆزێتەوە. دەستبەسەرکردنی بەردەوامی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، لەوانەش چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکان، لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا زۆر گرنگە". 
 
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا جەخت لە بەردەوامیدان بە راهێنان و پاڵپشتیکردنی ئەو هێزانە دەکاتەوە کە لە عێراق و سووریا شەڕی دژی داعش دەکەن و دەڵێت، "سەرەڕای بارودۆخە پڕ لە ئاستەنگەکە، پابەندبوونی تەواوی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش. جەخت لە گرنگی هێشتنەوە و تەرخانکردنی کەرەستەی سەربازی و ئامرازی پێویستی سڤیل دەکەینەوە بۆ هێشتنەوەی پێگەی بەهێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە عێراق و سووریا و پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکانمان. ئەمە بەردەوامیدان بە راهێنان، راوێژدان و پاڵپشتیکردنی ئەو هێزە هاوبەشە یاساییانەش دەگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا شەڕی داعش دەکەن".
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوەشدەکات، لە پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و جەخت لە گرنگی هەوڵەکانی تایبەت بە سەقامگیریش لەو ناوچانە دەکاتەوە کە پێشتر لە عێراق و سووریا لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون و داوا لە ئەندامەکانی دەکات لەبواری مرۆییەوە یارمەتی ئەو خەڵکە بدەن کە پێویستیان پێیەتی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.