Erbil 38°C دووشەممە 03 شوبات 15:54

ئەمریکا ئیدانەی کوشتنی خۆپیشاندەرانی ئێران دەکات

ئەمریكا: پاڵپشتی گەلی ئێران دەكه‌ین
کوردستان TV
100%

كۆشكی سپی رایگەیاند ئیدانەی ئەو هێزە كوشندەیە دەكات كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دژبە خۆپیشاندەران بەكاردەهێندرێت.

لە راگەیەندراوێكی كۆشكی سپی كاردانەوەی نیشانداوە لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێران و ئاماژەی بەوە كردووە لە كاتێكدا خۆپشاندانەكان لە ئێران بەشێوەیەكی ئاشتی ئەنجام دەدەرێن، بەڵام هێزی كوشندە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دژبە خۆپیشاندەران بەكارهێندراوە كە ئەوەش مایەی قبوڵكردن نییە.

كۆشكی سپی راشیگەیاندووە كە ئیدارەی ئەمریكا ئیدانەی ئەو هێزە كوشندەیە دەكات كە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دژبە خۆپیشاندەران بەكاردەهێندرێت، هەروەها بە توندیش ئیدانەی سنوورداركردنی هێڵی پەیوەندی و خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیش دەكات لە لایەن كاربەدەستانی ئێرانەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا جەختكراوەتەوە كە ئەمریكا پاڵپشتی گەلی ئێران دەكات لە خۆپیشاندانە ئاشتییەكەی.

پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، مۆرگان ئۆرتاگۆس رایگەیاندبوو كە وڵاتەكەی پاڵپشتی لە داواكارییەكانی گەلی ئێران دەكات بەتایبەتیش لە پرسی لێپرسینەوە لە حكوومەت و بەدیهێنانی شەفافیەت.

لە رۆژی هەینی رابردوو بەھۆی بڕیاری حكوومەتی ئێران بۆ گرانكردنی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە پارێزگاكانی تاران، فارس، ئازەربایجانی رۆژھەڵات، ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئەسفەھان، مازەندەران، كوردستان، خوراسان، رەزەویی و تەواوی وڵاتەكە ئەنجامدراو تا ئێستا بەردەوامی ھەیە.

بە پێی روونكردنەوەیەك كە كۆمپانیای نیشتمانیی دابەشكردنی بەرھەمە نەوتییەكانی ئێران بڵاویكردەوە، ئەو بەنزینەی لەلایەن حكوومەتەوە دابیندەكرێت، پێشتر مانگانە تا ٦٠ لیتر، ھەر لیترێكی بە ھەزار تمەن بووە بەڵام ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ ھەزار و ٥٠٠ تمەن. لە ئەگەری بەكارھێنانی زیاتر لە ٦٠ لیتر بەنزین لە مانگێكدا بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێك ئەوە نرخی لیترێك بەنزین بۆ سێ ھەزار تمەن بەرزدەبێتەوە.

ئێران كە خاوەنی گەورەترین سامانی نەوتە لە جیھاندا، حكوومەت مانگانە ٦٠ لیتر بەنزین بۆ ھەر ئۆتۆمبێلێك دابین دەكات.

ئەمەش نیگەرانی و خۆپیشاندانی ناڕەزایی ھاووڵاتیانی لێكەوتووەتەوە، لەماوەی ئەو دوو رۆژەشدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەكاندا روویداوە كە بەھۆیەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر كوژراون و برینداربوون.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.