Erbil 38°C سێشەممە 24 شوبات 09:30

چاوشئۆغڵو: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچووە

ھەوڵەکانیشیان بەردەوامن بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانە لە کەرکووک
کوردستان TV
#7
100%


وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگه‌یاند: ئەمساڵ هەنگاوی باشیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناوە و ھەوڵەکانیشیان بەردەوامن بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانە لە کەرکووک.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران کە ماوەی چوار رۆژە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەو وڵاتە سەری ھەڵداوە، رایگەیاند :"ھیوادارین ھەرچی زووە رووداوەکانی ئێران کۆتایی بێت و ئەو وڵاتە بە ئارامی شاد ببێتەوە.

لەمیانی پێشکێشکردنی راپۆرتی بوودجەی وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەکەی، مەولوود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە کرد و لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە  ئەمساڵ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە .

چاوشئۆغڵو جەختی لەسەر چڕکردنەوەی ھەوڵەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەکانی ناوخۆی سووریا بە رێگاچارەی سیاسی. ھەروەھا لەبارەی گرنگیدانی تورکیا بۆ ھێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی عێراق دوا و گوتی: ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە کەرکووک و نەجەف.

چاوشئۆغڵو ھەروەھا جەختی لەسەر ھەوڵەکانی تورکیا کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی لە عێراق و ئاماژەی بەوەدا لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنی چنگدا بە رادەیەکی بەرچاو ھەوڵەکانی تیرۆریستان کەمیان کردووە بۆ دزەکردنە ناو تورکیا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە ھەوڵە بەردەوامەکانیاندا بۆ ئەوەی تورکمانەکانی عێراق لە ئاسوودەیی و ئارامیدا بژین و ئەوەی خستە روو لە نزیکەوە چاودێری دیاریکردنی ستاتۆی کەرکووک دەکەن.

لەبارەی ئێرانیشەوە مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: بەردەوامین لە گرنگیدان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش. بەردەوامین لە راوێژ و راگۆڕینەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە لەبارەی چەند تەوەرێک بە تایبەت رەوشی سووریا.

وەڵامی ھەموو لێدوانەکانی ئێرانمان دایەوە لە ھەموو ئاستەکان بەرامبەر ئەو دوا ئۆپەراسیۆنەی ئەنجاممان دا. ھیوادارین چی زووە رووداوەکانی ئێران کۆتایی بێت و ئەو وڵاتە بە ئارامی شاد ببێتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.