Erbil 38°C یەکشەممە 29 کانونی یەکەم 17:23

جۆر و شێوه‌کانی بوونی کاریکاتێر له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا

ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌یه‌
کوردستان TV
100%

به‌شی پێنجه‌م

وێنه‌ی كاریكاتێریی ده‌توانێت له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی خولاودا به‌ چه‌ندین شێوه‌ی جیاوازه‌وه بوونی هه‌بێت‌، به‌ گوێره‌ی ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كانی یان ئاماژه‌ زۆره‌كانی تره‌وه‌، له‌ نێو ئه‌و شێوانه‌شه‌وه‌ ده‌توانین باس له‌م شێوانه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ین:

 1- گۆشه‌ی سه‌ربه‌خۆ.

 

2- كاریكاتێری بڵاوكراوه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی تردا:

 زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌كان كاریكاتێر له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ هه‌واڵی و ئه‌ده‌بیه‌كانی تردا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌‌، به‌مه‌به‌ستی ڕوونكردنه‌وه‌ و په‌رۆشبه‌خشینی زیاتر، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م كاریكاتێرانه‌ له‌ بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كه‌دا هه‌ڵێنجرابن، ده‌سته‌ی نووسه‌ران بابه‌ته‌كه‌یان پیشانی كاریكاتێریسته‌كه‌ دابێت و داوایان لێكردبێت، كه‌ كاریكاتێرێكی گونجاو بۆ بابه‌ته‌كه‌ بكێشێت، له‌وانه‌شه‌ كاریكاتێریسته‌كه‌ پێشتر كاریكاتێر‌ێكی سه‌ربه‌خۆی كێشابێت و بابه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا‌ له‌یه‌ك بچن، له‌وانه‌شه‌ بگونجێت كه‌ بكرێته‌ گۆشه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌دا و به‌م شێوه‌یه‌‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌تێكی تردا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، پایه‌ی دووه‌می ده‌بێت له‌ بابه‌ته‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا، واباوه‌ ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێرانه كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ بۆ خوڵقاندنی هاوسه‌نگیه‌كی ده‌روونی و ستاتیكی، خوێنه‌ر چێژ و زانیاری وشكیش له‌ هه‌مان كاتدا وه‌رده‌گرێت، لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش به‌ تێكه‌ڵكردنی هه‌ردوو توخمی نووسین و وێنه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاریكاتێره‌كه‌ كه‌ وێنای ئه‌و بابه‌ته‌ دیاریكراوه‌ ده‌كات، له‌ پێكهاته‌كه‌یدا بریتیه‌ له‌و زانیاریانه‌ی كه‌ له‌ بابه‌ته‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ هه‌ڵێنجراوه‌، لێره‌دا كاریكاتێره‌كه‌‌ ده‌چێته‌ نێو پێكهاته‌ی بابه‌ته‌كه‌ و ده‌بێته‌ به‌شێك لێی و ڕۆڵی هاوكاری بابه‌ته‌كه‌ ده‌گێڕێت، له‌م حاڵه‌ته‌دا بوونی كاریكاتێره‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بوونی بابه‌ته‌كه‌وه‌، به‌بێ بابه‌ته‌كه‌ كاریكاتێره‌كه‌ نادیار و ماناكه‌ی له‌ ده‌ست ده‌دات. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌كاندا بوونی هه‌یه‌، كه‌ هه‌وڵی پێشكه‌شكردنی ماده‌كانیان ده‌ده‌ن به‌ پێكهاته‌یه‌ك له‌ چه‌ندین شێوازی هونه‌ری، بابه‌ته‌كه‌ به‌ هێڵێكی به‌رچاو پیشان ده‌دات، و كه‌مه‌ربه‌ندی ده‌كات به‌ چوارچێوه‌یه‌ك، و پشتگیری ده‌كات به‌ وێنه‌ و تابلۆ و شتی تر، بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین خوێنه‌ر بۆ ئه‌م بابه‌ته‌.

 3- كاریكاتێری وه‌رگیراو له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی دیكه‌:

 زۆرێك له‌ ڕۆژنامه‌كان شێوازی وه‌رگرتن یان گواستنه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌كانی تردا په‌یڕه‌وده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری كاریكاتێردا ئه‌م نه‌ریته‌ باوه‌، زۆرجار خوێنه‌ر كاریكاتێرێكی به‌رچاوده‌كه‌وێت كه‌ هاوپێچ كراوه‌ به‌ ڕسته‌یه‌ك (له‌ فڵانه‌ ڕۆژنامه‌ وه‌رگیراوه‌). ئه‌م ئاماژه‌پێكردنه‌ش زۆر پێویسته‌ له‌ حاڵه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی كاریكاتێرێك یان تابلۆیه‌ك به‌مجۆره‌

ئه‌م دیارده‌یه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌یه‌، له‌ ده‌رئه‌نجامه‌ ئه‌رێنیه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ تابلۆ كاریكاتێرییه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی كه‌ توانای بینینی ئه‌م كاریكاتێره‌یان نیه‌ له‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی كه‌ كاریكاتێره‌كه‌ی لێوه‌رگیراوه‌، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك، له‌وانه‌یه‌ ڕۆژنامه‌كه‌ له‌ وڵاتێكی دیكه‌وه‌ ده‌ربچێت، یان به‌ زمانێكی دیكه‌وه‌ ده‌ربچێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ هه‌مان وڵات و به‌ هه‌مان زمانیش ده‌ربچێت، له‌وانه‌یه‌ ئه‌م كاریكاتێره‌ گرنگیه‌كی تایبه‌تی هه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ دووباره‌ بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی ئه‌م گرنگیه‌.

ده‌رئه‌نجامه‌ نه‌رێنیه‌كانیش خۆیان له‌ یاسا و ڕێساكانی په‌یوه‌ست به‌ مافی بڵاوكردنه‌وه‌ و چاپكردن ده‌بیننه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی یاساییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی باسه‌كه‌مانه‌، له‌وانه‌شه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌یه‌كی كرچوكاڵ بێت، ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی‌ كه‌ بابه‌تێك پێشكه‌ش ده‌كات له‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌رگیراوه‌ و گواستراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئاستی بڵاوكردنه‌وه‌كه‌شی له‌و كه‌متر نیه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌مان وڵاتیش ده‌ربچێت، خوێنه‌ر بێبه‌ش ده‌كات له‌ دیتنی شتێكی نوێ و تووشی بێ ئومێدی ده‌كات له‌ تام و چێژ وه‌رگرتنێكی نوێ، به‌ربڵاویی ئه‌م دیارده‌یه‌ وێنایه‌ك لای خوێنه‌ر دروست ده‌كات، كه‌ ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌ توانای پێشكه‌شكردنی بابه‌تی سه‌ربه‌خۆی تایبه‌ت به‌خۆی نیه‌، و ڕۆژنامه‌یه‌كی نه‌داره‌ له‌ ڕووی كارزان و كاردێری گرنگه‌وه‌، كه‌واته‌ ڕۆژنامه‌یه‌كی به‌ كه‌موكوڕییه‌ و شایسته‌ی ڕێزگرتن نیه‌‌، بۆیه‌ وا چاكتره‌ كه‌ له‌نێو كاردێرانی هه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌ك بێجگه‌ له‌ پسپۆرانی دیكه‌، هونه‌رمه‌ندێكی كاریكاتێریست یان زیاتر هه‌بێت، ئه‌گه‌ر دیارده‌ی (گواستراوه‌ته‌وه‌ له‌) ی به‌كارهێنا، نابێت له‌سه‌ر حیسابی كاریكاتێره‌كانی خۆی بێت، به‌رده‌وام شتی نوێی خۆی پێشكه‌ش به‌ خوێنه‌رانی بكات و تووشی دووباره‌ و بێزاریان نه‌كات، تا لێی دوورنه‌كه‌ونه‌وه‌.

 ن/ هه‌ندرێن خۆشناو           

كوردستان تیڤی/ كامران

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.