Erbil 38°C سێشەممە 19 ئایار 13:36

دیندار زێباری: حکومه‌ت بۆ رووبەڕبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەنگاوی باشى ناوە

دیندار زێباری: ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان هەبووە له‌ حكومه‌تدا
کوردستان TV
100%

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە رۆژی جیهانی روبەروبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان باسی لەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر نراوە لە بواری پاراستنی مافەکانی ئافرەتان بەتایبەتی یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان.

وتیشی، یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی ژمارە (8) ی ساڵی 2011 یاسایەکە تا ئێستا لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش هاوشێوەی نیە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی.

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان هەبووە لە کایە سیاسییەکان وەک پەرلەمان و حکومەت، بۆ نموونە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوو ئافرەت هەیە ئەوانیش سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، هەروەها لە حکومەتیشدا سێ ئافرەت پۆستی وەزیریان پێ سپێردراوە، لەلایەکی دیکەوە (30) دادوەری سزادان و (56) داواکاری گشتی و (31) دادوەری پێداچوونەوە و (94) لێکۆڵەری دادی و (289) یاریدەدەری لێکۆڵەری دادی لە هەرێمی کوردستان ئافرەتن، جگە لە مانە بە دەیان رێکخراو و دەزگای تایبەت بە بەرگری کردن لە ئافرەتان بوونیان هەیە.

لە بارەی خزمەتگوزارییەکانی بواری تەندروستی کە پەیوەندییان بە ئافرەتانەوە هەیە، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەی خستوەتەڕوو، حکومەتی هەرێم ستراتیژیەتی تەندروستی دایک و منداڵی پەسەند کردوە لە رێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەتایبەتی بۆ ئافرەتانی دووگیان بە خۆڕایی لە رێگای بنکە تەندروستییەکانەوە کە ژمارەیان (238) بنکەیە، هەروەها لە رێگای (7) نەخۆشخانەی تایبەت بە دایکان و لەدایکبوون.

دیندار زێباری لە میانەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، لە کەرتی میدیا و پۆلیسیشدا ژنان رۆڵێکی دیاریان هەیە کە ئێستا لە کوردستان زیاتر لە (1500) ئافرەت ئەندامی کارا و بەشداری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن، هەروەها (13) ئافرەت خاوەن ئیمتیاز و (17) یان سەرنووسەرن، هەروەها لیژنەیەک لە ئەنجومەنی سەندیکا دامەزراوە بۆ داکۆکی کردن لە مافی ئافرەتانی رۆژنامەنووس، سەبارەت بە کەرتی پۆلیسیش لە میلاکی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پۆلیسی هەرێم (882) ئافرەت هەیە لە ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرن، تەنیا لە میلاکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەکانی (2522) ئافرەت هەیە، وێڕای هەزارانی دیکە لە ریزەکانی پێشمەرگە بە پلەی جۆراوجۆر.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا کرد و وتی: حکومەتی هەرێم چەندین هەنگاوی ناوە بۆ رێگاگرتن لە دوورکەوتنەوەی ئافرەتان لە خوێندن لەوانە: نەهێشتنی نەخوێندەواری کە  (55،4%) ئافرەتان سوودیان لێی بینیوەهەروەها خولی شیاندن بۆ زیاتر لە (12000) لە مامۆستا کراوەتەوە بۆ گەیاندنی کەلتووری یەکسانی جێندەری هەروەها سەبارەت بە رۆڵی بەرپرسیاریەتی ئافرەتان لە کەرتی خوێندنی باڵاشدا باسی لەوەکردوە، بەشێک لە راگر و سەرۆکی بەش ئافرەتانن کە لە ساڵی خوێندنی 2016-2017 بون بەم شێوەیە بووە (1) سەرۆکی زانکۆ (10) راگر، (83) سەرۆکی بەش (2972) مامۆستا، (68099) قوتابی و (7714) فەرمانبەر.

سەبارەت بە ژمارەی ئافرەتانی ئێزیدیش کە تا ئێستا حکومەتی هەرێم هاوکاری کردون، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رونیکردوەتەوە، تاوەکو رۆژی 18/11/2019 ژمارەی ئافرەتانی ئێزیدی رزگار کراوەکان بریتی بووە لە (3524)، لەوانە (1197)ئافرەت، (339) پیاو، (1038) منداڵی کچ، (950) منداڵی کوڕ، هەروەها (100) رزگاربووی دیکە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەر کردن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.