Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 15:11

ئه‌مڕۆ پێنجه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له‌ کەرکوک ده‌ستپێده‌کات  

له‌ژێر ناوی خولی (هونه‌رمه‌ند حوسێن میسری)
کوردستان TV
100%

كاتژمێر (4)ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی 28/11/2019، به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری كه‌ركوك و به‌ هاوكاری ناوه‌ندی ڕێكخراوه‌ دیموكراتیه‌كانی كه‌ركوك به‌ هه‌ماهه‌نگی گروپی شانۆی هه‌وار، پێنجه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قام له‌ ژێر ناوی خولی (هونه‌رمه‌ند حوسێن میسری) ده‌ست به‌ نمایشه‌ شانۆییه‌كانی ده‌كات، چاڵاكییه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی (3) ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌م باره‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند "نه‌ژاد نه‌جم" سه‌رۆكی فێستیڤاڵ ڕاگه‌یاند: هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌مساڵ فێستیڤاڵه‌كه‌مان زیاتر فراوانتر بێت، له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵدا ژماره‌یه‌ك نمایشی جۆراو جۆری شانۆیی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌ییان هه‌یه‌،

گوتیشی: ژماره‌یه‌ك پانێڵ و وۆركشۆپ بۆ كۆمه‌ڵێك شانۆكاری ئێران، میسر، تونس، كوردستان و عێراق ساز ده‌كرێت، جگه‌ له‌مانه‌ش چه‌ندان سیمیناری جۆراو جۆر تایبه‌ت به‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ گرنگییه‌كی زۆره‌وه‌ بڕوانینه‌ لایه‌نه‌ ئه‌رێنییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ (25) نمایشی شانۆیی ئاماده‌ییان هه‌یه‌، له‌ پێنج وڵاتی عه‌ره‌بی، چوار گروپی ئێران، پێنج گروپ له‌ شاره‌كانی عێراق و هه‌روه‌ها هه‌ر پێنج پارێزگاكه‌ی كوردستان به‌شدار ده‌بن.

له‌ كۆتایدا گوتی: له‌ سه‌ره‌تا و كۆتایی فێستیڤاڵه‌كه‌دا دوو ئاهه‌نگی گۆرانی و موزیك به‌ ڕێوڕه‌سمی تایبه‌ت له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی كه‌ركووك به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، شاری بابه‌ گوڕگوڕ به‌ شانۆ و ئاهه‌نگ و گۆرانی به‌رگێكی نوێ ده‌پۆشێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژاوه‌ ژاوی جه‌نگ و وێرانكاری دوور بكه‌وێته‌وه‌.

جێگه‌ی باسه‌: گروپه‌ به‌شدرابووه‌كانی ناوخۆی كوردستان له‌ پێنجه‌مین فێستیڤاڵ نێوده‌وڵه‌تی شانۆی شه‌قامی كه‌ركوك خولی هونه‌رمه‌ند حسێن میسری پێكهاتوون له‌: تیپی شانۆی تیشك له‌ شاری هه‌ولێر شانۆیی (ئه‌مڕۆ) له‌ ده‌رهێنانی (تاریق ئاكریی) نمایش ده‌كات، شانۆیی (باویلكه‌) به‌رهه‌می شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ده‌رهێنانی (سه‌ربه‌ست میرزا)، شانۆیی (كێ باوكمه‌) به‌رهه‌می شاری سلێمانی له‌ ده‌رهێنانی (ڕه‌وه‌ند هاوڕێ)، شانۆیی (پاڵه‌وان) به‌رهه‌می چه‌مچه‌ماڵ له‌ ده‌رهێنانی (محه‌مه‌د گه‌رمیانی)، شانۆیی (هیوا) به‌رهه‌می شاری كۆیه‌ له‌ ده‌رهێنانی (هونه‌ر تاهیر) به‌رهه‌می گروپی شانۆ بۆ شانۆ، شانۆیی (مرۆڤه‌ ئاڵتونێكه‌) له‌ ده‌رهێنانی (پشكۆ محه‌مه‌د) به‌رهه‌می كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی كورد- لقی كه‌لار، شانۆیی (فه‌رشی سوور) له‌ ده‌رهێنانی (سیروان ره‌فعه‌ت) به‌رهه‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری ده‌ربه‌ندیخان، شانۆیی (سپی و ڕه‌ش) له‌ ده‌رهێنانی (كامه‌ران مه‌نسوور) به‌رهه‌می گروپی هاوه‌به‌شی سلێمانی و زاخۆ، شانۆیی (كورته‌ی هه‌واڵه‌كان) له‌ ده‌رهێنانی (قاسم غه‌مگین) به‌رهه‌می تیپی شانۆی سێكانی له‌ شاری كه‌ركوك.

ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین: زنجیره‌ چاڵاكییه‌كانی پێنجه‌مین فێستێڤاڵی شانۆی شه‌قام له‌ كه‌ركوك، كاتژمێر (3)ی ئێواره‌ی ڕۆژی 25/11/2019، له‌ سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركوك به‌ وۆركشۆپێكی تایبه‌ت به‌ پرسی شانۆی سه‌ر شه‌قام ده‌ستی پێكرد، كه‌ شانۆكاری به‌ توانای كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات (موختاری محه‌مه‌دی) سه‌رپه‌رشتیكرد.

سه‌ر چاوه‌ / رۆژنامه‌ی هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.