واچاوەڕواندەكرێت ليژنەى هەواڵگریى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمريكا رۆژى سێشەممە راپۆرتى گشتگيرى خۆى ئاشكرابكات لەسەر پێشهاتەكانى دانيشتنەكانى لێكۆڵينەوەى لەسەركارلادانى سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ كە بۆ ماوەى دوو هەفتەيە لە ئەنجوومەنەكە بەردەوامە.
بەرپرسانی ليژنەكە كە بۆ ميدياكانى ئەمريكا روونكردنەوەيان داوە، رايانگەياندووە كە پاش كاركردنێكى چڕو پڕ شێوازى كۆتايى راپۆڕتەكە رۆژى دووشەممە بەسەر ئەندامانى ليژنەكە دابەشدەكرێت.
ئەندامانى ليژنەكە ماوەى ٢٤ كاتژمێريان هەيە بۆ ووردبوونەوە لە راپۆرتەكە و تۆماركردنى هەر تێبينييەك ئەگەر هەيانبێت، پاش كارەكانيان رۆژى سێشەممە كۆدەبنەوە. لەو ليژنەيەى كە زۆرينەى ئەندامەكانى سەر بە ديموكراتەكانن وا چاوەڕوان دەكرێت پاش كۆبوونەوەكەيان ئەنجامى راپۆرتەكە ئاشكرابكەن.
بەگوێرەى ميدياكانى ئەمريكا، دەنگدان لەسەر لەسەركارلادانى ترەمپ لە ناوەڕاستى مانگى كانونى يەكەم لە لايەن ئەنجوومەنى گشتى ئەنجوومەنى نوێنەرانەوە دەدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.