سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند كە ژمارەیەك چەكداری نەناسراو، چالاكوانێكی خۆپیشاندانەكانی دژحكوومەت و پارتە دەسەڵاتدارەكانیان لە ناوەڕاستی شاری كەربەلا، كوشتووە.
سەرچاوەكە كە ئەفسەری پۆلیسە بە پلەی نەقیب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە ناوچەی باروودی ناوەڕاستی شاری كەربەلا دەستڕێژی گوللـەیان لە چالاكوانی خۆپیشاندانەكان، فاهم تائی كردووە كە بەهۆیەوە و دەستبەجێ ناوبراو گیانی لەدەستداوە".
هاوكات لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە كامێرەكانی چاودێرەوەیەوە گیراوە، دیمەنی كەسێك دەبیندرێت كە دەگوترێت فاهم تائی-ە و دوو كەسی دەمامكداری لێی نزیك دەبنەوە و دەستڕێژی گوللـەیان لێ دەكەن و دواتر بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵدێن.
بەڵام هێشتا ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە ئایە ئەو كەسەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەبیندرێت فاهم تائی-ە یان نا.
ئاماژە بەوە دەكرێت كە لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا، زنجیرەیەك كردەی كوشتن و رفاندن دژبە چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجامدراون.
پشتبەستن بە ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیكەی ٤٨٥ كەس كوژراون و ١٧ هەزاری دیكە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.
كلیك لهم لینكهدا بكه ساتى كوژرانى چاڵاكوانهكه عێراقیهكه:
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.