دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ناوه‌ندیی له به‌غدا، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ١٧ خۆپیشانده‌ر له پارێزگای میسان باشووری عێراق ده‌ركرد، به‌تۆمه‌تی كوشتنی سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی و برایه‌كی له مانگی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو.
رۆژی ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو، خۆپیشانده‌ران گه‌مارۆی باره‌گایه‌كی "عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق"یان له شاری عه‌ماره ناوه‌ندی پارێزگای میسان دا، كه له‌لایه‌ن قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت و به‌رپرسی باره‌گاكه، وسام عه‌لیاوی و برایه‌كی، عیسام عه‌لیاوی-یان كوشت.
ئه‌م هێرشه‌ی خۆپیشانده‌ران بۆ سه‌ر باره‌گاكه‌ی عه‌سائیب ئه‌هلی حه‌ق دوای ئه‌وه دێت كه رووبه‌ڕووبوونه‌وه له نێوان خۆپیشانده‌ران و پاسه‌وانانی باره‌گاكه روویدا و به‌هۆیه‌وه نۆ خۆپیشانده‌ر كوژران و نزیكه‌ی ١٠٠ی دیكه برینداربوون.
به‌پێی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنه‌كه كه له‌لایه‌ن دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ناوه‌ندیی له به‌غداوه ده‌رچووه و ئاڕاسته‌ی هێزه‌كانی پۆلیس و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه كراوه، تیایدا ١٧ كه‌س كه دانیشتووی شاری عه‌ماره ناوه‌ندی پارێزگای میسانن، به‌پێی مادده‌ی ٤٠٦ له یاسای سزادانی عێراقی تۆمه‌تباركراون.
به‌پێی مادده‌ی ٤٠٦ له یاسای سزادانی عێراقی "هه‌ركه‌سێك به ئه‌نقه‌ست كه‌سێك بكوژێت به له‌سێداره‌دان سزاده‌درێت".
به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له عێراق، له ده‌ستپێكی خۆپیشاندانه‌كان له به‌غدای پایته‌خت و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق كه له سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌می رابردووه‌وه تا ئێستا به‌رده‌وامه، ٤٩٢ كه‌س كوژراون و زیاتر له ١٧ هه‌زار كه‌سی دیكه له خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.