Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 08:17

قازه‌کانی تورکیا دوای خواردنی یه‌که‌م به‌فری ساڵ سه‌رده‌بڕدرێن

بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌ویش ببن جۆیان پێدراوه‌
کوردستان TV
100%

شاری قه‌رس له‌ توركیا وه‌ك ناوه‌ندی به‌خێوكردنی قاز ئه‌ژمارده‌كرێت. ئه‌و قازانه‌ی به‌درێژایی وه‌رزی هاوین به‌خێوكراون و بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌ویش ببن جۆیان پێدراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م به‌فری ساڵ ده‌خۆن سه‌رده‌بڕدرێن و له‌ڕێی پۆسته‌وه‌ ده‌نێردرێن بۆ سه‌رانسه‌ری توركیا.

شارۆچكه‌ی ساریقامیش یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ناوچه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی گۆشتی قاز له‌ توركیا، دوای بارینی به‌فر له‌ شارۆچكه‌كه‌ كاركردنی چڕ له‌ كێڵگه‌كانی به‌خێوكردنی قاز ده‌ستیپێكردووه‌.

ئه‌و قازانه‌ی له‌ ناوه‌ندی شارۆچكه‌كه‌ و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌خێوده‌كرێن دوای سه‌ربڕینیان، سوێرده‌كرێن و له‌به‌ر هه‌وا وشكده‌كرێنه‌وه‌.

دوای تێپه‌ڕین به‌م قۆناغانه‌دا گۆشتی قازه‌كان ئاماده‌ده‌بن بۆ فرۆشتن، له‌ وه‌رزی زستانیشدا ئه‌م گۆشته‌ جگه‌ له‌ سفره‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، خوانی گه‌شتیاره‌ ناوخۆیی و بیانییه‌كانیش ده‌ڕازێنێته‌وه‌.

گۆشتی قاز به‌هۆی تام و چێژه‌كه‌یه‌وه‌ بووه‌ته‌ جێگای بایه‌خی هه‌موو چین و توێژه‌كان و له‌سه‌ر داواكاریی كڕیاران به‌ پۆسته‌ ده‌نێردرێته‌ سه‌رانسه‌ری توركیا.

هاكان ئاسڵان یه‌كێكه‌ له‌ به‌خێوكه‌رانی قاز، له‌ لێدوانێكیدا رایگه‌یاند: له‌ ئێستادا سه‌ربڕینی ئه‌و قازانه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ كه‌ بۆ ئه‌م زستانه‌ به‌خێوكرابوون. بۆئه‌وه‌ی قازه‌كان به‌باشی قه‌ڵه‌وببن ته‌نها جۆیان دراوه‌تێ.

گوتیشی: دوای ئه‌وه‌ی به‌فر له‌ شارۆچكه‌كه‌مان باری قازه‌كانمان به‌فریان خوارد. قازی قه‌رس له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌فر ده‌خوات، گۆشته‌كه‌ی تام و چێژێكی خۆشی هه‌یه‌. ئه‌و بێچوه‌ قازانه‌ی له‌ مانگی نیساندا له‌ هێلكه‌ ترووكاون، هه‌تا مانگی حوزه‌یران ورده‌ ورده‌ گه‌وره‌ ده‌بن. دواتر كه‌ ده‌گه‌نه‌ مانگی تشرینی دووه‌م و كانوونی یه‌كه‌م به‌فر ده‌خۆن به‌مه‌ش تام و چێژی گۆشته‌كه‌یان خۆشتر ده‌بێت. قاز ئه‌گه‌ر به‌فر نه‌خوات تامی گۆشته‌كه‌ی خۆش نابێت. له‌ ئێستادا ده‌ستمانكردووه‌ به‌ سه‌ربڕینی قازه‌كانمان.

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.