وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌باره‌ی ناكۆكی و ململانێکانی وڵاتانی كه‌نداوه‌وه رایگه‌یاند کە پێویسته ته‌واوی ناكۆكی و ململانێكانی ناوچه‌كه بهڕێگهچارەی ئاشتییانه چاره‌سه‌ربكه‌ین و جه‌ختیشی كرده‌وه كه سعوودیه به ئابڵوقه خستنه سه‌ر قه‌ته‌ر كارێكی هه‌ڵه‌ی ئه‌نجامداوه.
به‌گوێره‌ی میدیایی فەرمی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌میانی گوته‌یه‌كیدا له "19یه‌مین كۆڕبه‌ندی دۆحه" له قه‌ته‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ پێشهاتەكانی ناوچه‌كه كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه ئابڵوقه خستنه سه‌ر قه‌ته‌ر و به‌رده‌وامیدان به شه‌ڕی یه‌مه‌ن نموونه‌ی دوو هه‌نگاوی هه‌ڵه‌ی سعوودیه‌ن و ئه‌نجامی خراپیان لێكه‌وتوه‌ته‌وه و گوتی:
"ئه‌م هه‌نگاوانه بوونه‌ته نموونه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ی هه‌وڵدان بۆ قۆستنه‌وه‌ی هه‌لی وەرگرتنی ده‌سه‌ڵات له ناوچه‌كه".
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف جه‌ختی لهوهیشكردهوه كه ده‌بێت ئاسایشی وزه بپارێزرێت و دڵنیایی هاتوچۆكردنی سه‌ربه‌ستی كه‌شتییه‌كان ده‌سته‌به‌ربكرێت و گوتی: "پێویسته ته‌واوی ململانێ و ناكۆكییه‌كانی ناوچه‌كه به‌شێوه‌یەکی ئاشتییانه و له‌ڕێی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه چاره‌سه‌ربكه‌ین. زه‌مینه سازكردن بۆ گفتوگۆیه‌كی نوێی هه‌مه‌لایه‌نه له ناوچه‌كه‌دا گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌وه‌شی وه‌بیرهێنایه‌وه كه وڵاتانی كه‌نداو له ساڵانی نێوان 2014-2018دا یه‌ك له‌سه‌ر چواری هاورده‌ی چه‌كیان له جیهاندا ئه‌نجامداوه، سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تره‌مپ-یش دانی به‌وه‌دا ناوه كه ئه‌و وڵاتانه بهبەهای حەوت ترلیۆن دۆلار چه‌كیان كڕیوه.
محەمەد جه‌واد زه‌ریف به‌بێ ناوهێنان ره‌خنه‌ی له سعوودیه گرت و گوتی: "هه‌ندێك له وڵاتانی كه‌نداو پێیانوایه له‌ڕێگه‌ی زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنن. ئه‌م وڵاتانه وابیرده‌كه‌نه‌وه كه به بێبه‌شكردنی دراوسێكانیان ده‌توانن له ئاسایش‌دا بژین، به‌ڵام ئه‌م جۆره له فه‌رمانڕه‌وایی نه‌گه‌یشتووه‌ته هیچ ئه‌نجامێك و ناشگات".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.