ئەمڕۆ دووشەممە 16ی كانوونی یەكەمی 2019 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی شاری سلێمانی كرد و لەمیانەی ئەو سەردانەیدا پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەك فەرمانگەی بەسەر كردەوە و رایگەیاند دووبارە كار لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی دەكەین.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا سەبارەت بە پرۆژەی 100 مەتریی سلێمانی، لە وەڵامی رۆژنامەنووسان دەربارەی جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەقامی 100مەتریی سلێمانی رایگەیاند: پرۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان و خنكانی دەروازەی شاری سلێمانی چارەسەر دەكات، دیارە دەمێكە ئەو پرۆژەیە گرێبەستی بۆ كرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەداخەوە نەتواندرا جێبەجێ بكرێت، دواتر لێپرسینەوەی یاسایی كرا و ئێستاش جارێكی دیكە دووبارە لە پێداچوونەوەدایە، هەم فەرمانگەی ئەندازیاری سەرپەرشتیار و هەمیش شارەوانیی سلێمانی و لە وەزارەتیش كار لەسەر ئەو بابەتە دەكەین.
سەبارەت بە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی پڕۆژەی 100 مەتریی سلێمانی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە كە پرۆژەكە كاری لەسەر دەكرێت و ئیستاش لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئومێد دەكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا بگاتە ئاكام، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە كە ئەوان بە جدیی كار لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە گرنگەی شاری سلێمانی دەكەنەوە كە بەهۆیەوە خنكانی دەروازەی شاری سلێمانی چارەسەر دەكات.
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.