مارك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریكا نیگەرانیی خۆی پیشاندا لەئاست بۆردومانكردنی دامەزراوە ئەمەریكییەكان لە عێراق و داواشیكرد رێوشوێنی پێویست بۆ راگرتنی ئەو بۆردومانانە بگیرێتە بەر.
وەزیری بەرگری ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق کرد رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی بۆردومانکردنی سەر دامەزراوە سەربازییەکانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی له عێراق.
بەپێی هەواڵێکی پێگەی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دووشەممە 16-12-2019 مایک ئێسپەر، وەزیری بەرگری ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمریكا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عیراقی راگەیاند نیگەرانە بە هەواڵی بۆردومانی ئەو بنکە سەربازییانەی عیراق کە هێزی ئەمریکی لەخۆدەگرن و داوای لێ کرد هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی هێزەکانیان.
لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا وەزیری بەرگری ئهمریكا جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە رێوشوێن بۆ وەستانی ئەو هێرشانە بگیرێتەبەر.
عادل عەبدولمەهدیش لای خۆیەوە نیگەرانیی خۆی پیشانداوە لە دوایین بەرەوپێشچونەكانی ناوخۆی عێراق و داواشیكردووە هەوڵی جددی بدرێت بەبەشداریی هەموو لایەك بۆ رێگرتن لە زیادبوونی بارگرژییەكان.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا عەبدلمەهدی رایگەیاندووە كە هەر لاوازكردنێكی حكومەت و دەوڵەتی عێراق دەبێتە هاندەر بۆ نانەوەی ئاژاوە و پشێوی.
لە ماوەی رابردودا چەندین جار دامەزراوەكانی ئەمەریكا لە عێراق كرانە ئامانجی بۆردومان و هاوكاتیش ئەمەریكا ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.