Erbil 38°C دووشەممە 23 شوبات 13:40

وەزیری کارەبا: بەرهەمهێنانی کارەبا لەهەرێم گەیشتۆتە 3 هەزار و 800 مێگاوات کارەبا

بەرزترین ئاستە لە مێژوی وەزارەتدا
کوردستان TV
#7
100%


وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێم گەیشتۆتە 3 هەزار و 800 مێگاوات كارەبا، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مێژوی وەزارەتدا.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی كۆبوونەوەییەكی فراوانی وەزارەتی كرد، لەو كۆبوونەوەیەدا كە بریكارو راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی كارەباو وتەبێژی وەزارەت ئامادەیبوون؛ وەزیری كارەبا باسی لە گرفت و كێشانە كرد كە لەچەند هەفتەی رابردوودا رووبەرووی سێكتەری بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا بوونەتەوە، هەروەها جەختی لەسەر هەنگاوەكانی وەزارەتی كارەبا كردەوە كە بۆ باشكردنی دۆخەكە گیراونەتە بەروو، خۆشحاڵانە توانرا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ 3800 مێگاوات بەرز بكرێتەوە، ئەمەش بۆ یەكەمین جارە لەمێژووی وەزارەتدا ئەو بڕە كارەبایە بەرهەم دەهێنرێت. لەبارەی بڕیارو رێنماییەكانی تایبەت بەوەزارەتی كارەبا لەسەر نەهێشتنی سەرپێچیەكان و بڕینی كارەبای بەردەوام وەزیری كارەبا رایگەیاند : بەهاوكاری وەزارەتی ناوخۆو پارێزگاكان لەساڵی نوێ هەڵمەتێكی فراوانی بڕینی سەرپێچیەكان و سزادانی سەرپێچیكاران دەست پێ دەكەین و لەو هەڵمەتەشدا بەردەوام دەبین تاوەكو بنبڕی تەواویی سەرپێچیەكان دەكەین، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستانی كرد كە رۆڵیان لە كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی كارەبا هەبووە، چونكە باشكردنی دۆخی كارەبا جگە لەوەی پەیوەندی بەچەند وەزارەت و فەرمانگەیەكی دیكەشەوە هەیە رۆڵی هاوبەشانی كارەباش گرنگە، بۆ كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆو فشاری سەر محاویلەو تۆڕەكانی كارەبا. سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی بەشە كارەبای دهۆكیش وەزیری كارەبا رایگەیاند هێڵی گواستنەوەی كارەبای خەبات - زەنگەنان بەدرێژایی 33 كیلۆمەتر و بەتێچوونی 7 ملیۆن و 425 هەزار دۆلار لەتەواوبووندایە و بڕیارە بەفەرمی لە 20 بۆ 25ی ئەم مانگە بكەوێتە كار بەتەواوبوونی ئەم پرۆژەیەش شاری دهۆك بەهاوشێوەی شارەكانی دیكە تەواوی پشكی خۆی لەكارەبا بۆ دەچێت.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەبەدواداچوونی سكاڵاو كارو ئیشەكانی هاوڵاتیان لەمبارەیەوە ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا داوای لەسەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبای پارێزگاكان كرد بەوپەڕی دڵسۆزی و جیددییەوە كار بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی هاوڵاتیان و یارمەتیدانی هاوبەشانی كارەبا بكەن كە بەمەبەستی چاككردنی پێوەرو گرفتەكانی تۆڕی كارەبا و كردنەوەی هاوبەشی كارەبا روو لەفەرمانگەكانی فرۆشتنی كارەبا دەكەن ، هەروەها بەشێكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەهەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی كارەبا و وەزیری كارەبا دەستخۆشی لەستاف و تیمەكانی وەزارەت كرد كە توانیویانە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ 3800 مێگاوات كارەبا بەرز بكەنەوەو بەشێوەیەكی باش ئەو بڕە كارەبایە بەیەكسانی بگوازنەوە بۆ شارەكان و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشی بكەن ، هەرچەندە بەرزبوونەوەی خواست بۆ 6400 مێگاوات كارەبا هۆكاری سەرەكی گرفتەكانی ئەم دواییەی كەمبوونەوەی ماوەكانی پێدانی كارەبا بوو، بەڵام ئێستا بەتێكڕا 11-12 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان دەدرێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا تەئكید لەسەر كۆكردنەوەی نرخی كارەبا كرایەوە چونكە وێڕای ئەوەی پابەندبوون بە پێدانی نرخی كارەبا دادپەروەریی لەدابەشكردنی كارەبا بەسەر هاونیشتمانیاندا زامن دەكات، هاوكات بارزۆری و پاڵەپەستۆی سەر محاویلەو تۆڕەكانی كارەباش كەم دەكاتەوەو بەشێكیش لەو داهاتە بۆ چاككردنەوەو بوارەكانی خزمەتگوزاریی كارەبا بۆ ئەو پارێزگایە بەكار دەهێنرێتەوە.

هەروەها وەزیری كارەبا داوای لەو هاوبەشانەی كارەبا كردەوە كە سوود لەو مۆڵەتەی وەزارەت وەربگرن كە بۆ چاككردنەوەی پێوەری كارەبا و سەرپێچیەكان دیاریكردووەو لەو ماوەیەدا سەردانی فەرمانگەكانی كارەبا بكەن بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفت و كێشەكانیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.