Erbil 38°C یەکشەممە 17 ئایار 06:37

به‌ئاماده‌بوونى مه‌سرور بارزانى و کور و کچى شه‌هید هوجام سورچى یادی رۆژی ئاڵای کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران کرایه‌وه‌

له‌رۆژى ئاڵای كوردستاندا
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ سێشەممە 2019/12/17 کاتژمێر 10:00 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، رێورەسمی رۆژی ئاڵای کوردستان بە بەشداری کەسوکاری ژمارەیەک شەهید لە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوە دەچێت .

 ئاڵاکەش لە لایەن کوڕ و کچی شەهید هوجام سورچی بەرز دەکرێتەوە. 

ئه‌مرۆ 17/12/2019، رۆژی ئاڵای كوردستانه‌، كه‌ (20) ساڵ به‌ر ئێستا له‌ 11/11/1999 له‌ خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ بڕیاری ژماره‌ (26) و به‌ واژوی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی په‌رله‌مان ، سه‌ركرده‌ی كۆچكردوو (جه‌وهه‌ر نامق سالم)، یاسای ئاڵای هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ندكرا.
له‌ یاساكه‌دا رۆژی 17/12ی هه‌موو ساڵێك به‌ رۆژی ئاڵای كوردستان دانرا، دیاریكردنی ئه‌مڕۆژه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رواری 17/12/1947، كه‌ له‌و رۆژه‌دا ، و مانگێك به‌ر له‌ راگه‌یاندنی كۆماری كوردستان له‌ مهاباد، ئاڵای کوردستان لەسه‌ر داموده‌زگاكانی شاری مەهابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هەڵكراوه‌.
ئاڵا، هێمایه‌كی سه‌ره‌كی ناسنامه‌ی هه‌ر گه‌ل و وڵاتێكه‌ ، ئێمه‌ی گه‌لی كوردیش خاوه‌ن ئاڵای ره‌نگاوره‌نگی خۆمانین و له‌گه‌ڵ ناوی (پێشمه‌رگه) ‌و مارشی (ئه‌ی ره‌قیب) دا بوونه‌ته‌ سێكوچه‌كه‌ی شوناس و شانازی نه‌ته‌وه‌و نیشتیمانه‌كه‌مان. بۆیه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی هه‌موومانه‌ شانازی پێوه‌ بكه‌ین و هه‌میشه‌ به‌ به‌رزی رایبگرین.
وه‌ك راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، به‌ پێویستمانزانی له‌ پێشوازی ئه‌م بۆنه‌ شكۆداره‌دا، ده‌قی یاسای ئاڵای كوردستان بڵاو بكه‌ینه‌وه‌و، سبه‌ینێش وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ شوێنێكی تایبه‌ت رێوڕه‌سمێكی شایسته‌ به‌م بۆنه‌یەوە ساز ده‌كات.

یاسای ئاڵا له‌ هه‌رێمی کوردستان
بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بە ناوی گەل
ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق
ژمارەی بڕیار:26
رۆژی بڕیار:11/11/1999
((بڕیار))
پشت بەو دەسەڵاتەی كە بە پێی بڕگە (3)ی ماددە (2) لە یاسی ژمارە (10)ی ساڵی 1997 پێمان دراوەو لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی 11/11/1999یدا یاساكاری كردووە ، ئەم یاسایەمان دەرهێنا:
یاسای ژمارە ((14)ی ساڵی 1999
یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق
ماددە یەكەم:
هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵایەكی دەبێت بە شێوەی لاكێشەیی ، كە پانیەكەی دوو لەسەر سێی درێژیەكەی دەبێت و ، دابەش كراوە لەسەر سێ‌ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی و پانی داو ، پێكهاتەكەی بەم شێوەیەیە:
1- لاكێشەی سەرەوە ڕەنگی سورەو ، هێمای شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی كوردە.
2- لاكێشەی ناوەراست ڕەنگی سپی دەبێت ، هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و لێبوردنە (تسامح) ، كە خەڵكی كوردستان ئاواتە خوازیەتی.
3- خۆرێكی زەرد دەكەوێتە ناوەراستی لاكێشە سپییەكەوەو ، چەقەكەی خاڵی یەكتر بڕینی تیرەی لاكێشە سپیەكە دەبێت و ، تیرەی خۆرەكە ئەوەندەی پانایی لاكێشە سپیەكە دەبێت و ، (21) بیست و یەك تیشكی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێگۆشەی دوو لا یەكسان و ، بنكەكانی ( ) یەك لسەر بیست و یەك لە چێوەی گۆی خۆرەكە دەبێت و ، درێژیشیان بگاتە نیوەی هەردوو لاكێشە سوورو سەوزەكە . خۆرە زەردەكە هێمای بەردەوام بوونی ژیان و زانست و هیوا و ئومێدەو ، (21) بیست و یەك تیشكەكەیش هێمای جەژنی نەورۆزی نەتەوایەتییە ، ڕۆژی بەرخودان و ڕاپەڕین و شۆرش ڕزگاریی دژ بە زوڵم و زۆرو چەوساندنەوە.
4- لاكێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوز دەبێت و ، هێمای كشتوكاڵ و سروشت و ژینگەی كوردستان.
ماددەی دووەم:
ئەو جێگایانەی كە ئاڵاكەی لەسەر هەڵدەدرێت لە (پەیڕەو)دیاری دەكرێت.
ماددەی سێیەم:
هەڵكردنی ئاڵا لە كاتی خۆرهەڵاتن دا دەبێت و ، هاتنە خوارەوەشی لە كاتی خۆرئاوا بوندا.
ماددەی چوارەم:
دروست و چاپ و دابەش كردنی ئاڵا بە ڕەزامەندی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەبێت.
ماددەی پێنجەم:
نابێت ئاڵا لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوایەتی و ئاهەنگەكاندا بەرز بكرێتەوە یان بە كاربێت ، ئەگەر هاتوو كەم و كۆری هەبوو لە مەڕ گۆڕانی ڕەنگەكانی و پاك و پوختی و دڕانی .
مادەی شەشەم :
هەڵدانی ئاڵا شان بە شانی ئاڵای عێراق دەبێت لەو بۆنانەی كە ئاڵای عیراقی تێدا هەڵدەدرێت و ، تا قەوارەی دەستوری فیدرالیەت دەچەسپێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە عێراقدا .
ماددەی حەوتەم:
ئەنجومەنی وەزیران بۆی هەیە پەیڕەوێكی تایبەتی دەربكات بۆ ئاسانكردنی جێ‌ بەجێ‌ كردنی بەندەكانی ئەم یاسایە .
ماددەی هەشتەم:
كار بە هیچ دەقێك ناكرێت كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایەدا هاو دژ بێت .
ماددەی نویەم:
دەبێ‌ ئەنجومەنی وەزیران ئەم یاسایە جێ‌ بەجێ‌ بكات .
ماددەی دەیەم:
ئەم یاسایە لە مێژووی دەرهێنانیەوە جێ‌ بە جێ‌ دەكرێت و لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاو دەكرێتەوە.

 

 


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.