Erbil 38°C یەکشەممە 17 ئایار 03:33

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى باڵاى تایەفە مەسیحییەکان کرد

هیوایان خواست هەرێم بە نموونەى سەقامگیرى و پێشکەوتن و بەها بەرزەکانى مرۆڤایەتى بمێنێتەوە
کوردستان TV
100%


 نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە مەسیحییەکان بەشێکى گرنگ و پێکهاتەیەکى ڕەسەنى هەرێمى کوردستانن و هەزاران ساڵە لەگەڵ پێکهاتەکانى دیکەى وڵات پێکەوە دەژین، هەروەها ڕۆڵى پیاوانى ئایینیى مەسیحى و کەنیسەکانى لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى لە هەرێمى کوردستان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە بە لانەى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و ئاشتەوایى بۆ هەموو پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە 18/12/2019،  نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە ئەنجومەنى سەرۆکانى تایەفە مەسیحییەکان لە عێراق کرد کە لە ژمارەیەک مەتران و قەشە و پیاوانى ئایینیى تایەفە مەسیحییەکان لە عێراق بە سەرۆکایەتیى  مەتران ئاڤاک ئەسەدۆریان، ئەمیندارى گشتیى ئەنجومەنەکە، هاتبوونە پیرۆزبایى و سەردانى بەڕێزیان.

ئەنجومەنى سەرۆکانى تایەفە مەسیحییەکان لە عێراق لە پەیامێکدا دووبارە پیرۆزباییی دەستبەکاربوونیان لە  نێچیرڤان بارزانى کرد و هیواى سەرکەوتنیان بۆ خواست، هەروەها سوپاسى جەنابیان و گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستانیان کرد بۆ بەهاناوەچوون و پاراستنى مەسیحییەکان و یارمەتیدانیان لە بنیاتنانى کەنیسەکان و هیوایان خواست هەرێمى کوردستان بە نموونەى سەقامگیرى و پێشکەوتن و بەها بەرزەکانى مرۆڤایەتى بمێنێتەوە، وەفادارى و دڵسۆزیى خۆیشیان بۆ کوردستان و ئامادەییان بۆ خزمەت و جێبەجێکردنى ئەرکەکانیان دووپات کردەوە.

شاندەکە سوپاسى بەڕێزان وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئایینى و بەڕێوەبەرى گشتیى کاروبارى مەسیحییەکانیان لە وەزارەت کرد کە ئامادەى دیدارەکە بوون، هەروەها پوختەیەکیان دەربارەى دۆخى مەسیحییەکان لە شارەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، کار و ئەرک و کێشە و داواکاریى کەنیسەکان، دۆخى ئاوارە مەسیحییەکان لە هەرێمى کوردستان و چەند بابەتێکى دیکە خستە ڕوو.

11

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.