ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسعوود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا تەواوی ئەو پرۆژانەی خستەڕوو كە لە ساڵی 2019 لە سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆدا جێبەجێ كراون، لەگەڵ پلانی چوار ساڵی داهاتوو بۆ پڕۆژەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكان خستهروو.
مەسعوود محەممەد كاڕەش، رایگەیاند" بۆ ماوەیەک دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە پرۆژەی پێوەری ئاوی ماڵان رادەوەستێت. لە راستیدا ئەو پرۆژەیە نەوەستاوە، بەڵکو ئێستا پاڵپشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێناوە و هیچ گومانێک لەسەر وەستانی ئەو پرۆژەیە نەماوە".
مەسعوود كاڕەش ئاماژەی بەوە کرد" دوای پاڵپشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو پرۆژەیە، بە گەرموگوڕییەکی دیکەوە دەست بە پرۆسەکە دەکەین بۆئەوەی پێوەر لە هەموو ماڵێک دابنرێت تاوەکو ئەو بڕە ئاوەی هەمانە بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەش بکەین".
ناوبراو بە پێویستی دەزانێت سەرجەم هاونیشتمانییان پێوەری ئاو لە ماڵەکانیان ببەستن و ئاگاداریشیان دەکاتەوە "دوایین مۆڵەت بۆ بەستنی پێوەری ئاو لە شارەکان و قەزاو ناحیەکان 1-3-2020ـە تاوەکو ئەو رێکەوتە هەرکەسێک پێوەری ئاوی نەبەستبێت، بەپێی رێنماییەکان مانگانە 100 هەزار دیناری لەسەر ئەژماردەکرێت".
بە گوتەی مەسعوود كاڕەش" ئەو پێوەرانەی هاووڵاتییان خۆیان دەیبەستن پارەکەیان دەدرێتەوە، واتە پێوەرەکەی بەخۆڕایی بۆ دەبەسترێت. لەکاتی هاتنەوەی کرێی ئاودا مانگانە بە بڕێک داشکاندنی بۆ دەکرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.