له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م شه‌پۆڵی باران و به‌فری زستانی ئه‌مساڵ، كه چیا و ناوچه سنوورییه‌كانی سپی‌پۆش كرد و گه‌وره شاریشی شوشتنه‌وه، دیارییه‌ك خۆی كرد به ژووره‌كه‌مدا و دڵه‌كه‌می گه‌رم كرده‌وه، ئه‌ویش به‌رگی یه‌كه‌می كتێبه بیره‌وه‌ریی (ته‌یراوه. هه‌ر به پیاسه)ـی برا و هونه‌رمه‌ندی ئازیز (زاهیر عه‌بدوڵا) بوو، كه لوتفی نواند و به‌سه‌ری كردینه‌وه و ئه‌و دیارییه به‌نرخ و ئازیزه‌ی پێشكه‌ش كردین.
ته‌یراوه، كه بۆ هه‌موو هه‌ولێرییان، به تایبه‌تیش بۆ ته‌یراوه‌ییه‌كانی هه‌ولێرێ، نیشتمانێكی بچكۆڵه‌ی شیرینه له‌ناو نیشتمانه گه‌وره‌كه‌ماندا، نه‌ك هه‌ر له دڵ و زه‌ین و یاده‌وه‌ریماندا ده‌رناچێت، به‌ڵكو بووه به هه‌وێنی زیندوومانه‌وه‌ی دڵ و زه‌ین و یاده‌وه‌ریمان، ئاخر بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی و لاوی و تا ئه‌مڕۆش، وزه‌ی ئه‌و هێزه‌ی دڵ و ڕۆشنایی چاوه‌كانمانه. كتێبه بیره‌وه‌رییه‌كی خاره زاهیر، گه‌ڕانه‌وه و سووڕانه‌وه و خولانه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامی ئێمه‌مانانه به‌ده‌وری مه‌مله‌كه‌ت، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌و رۆژگاره خۆش و ناخۆش، تاریك و روون، شیرین و تاڵانه‌ی له‌وێدا له‌گه‌ڵ ئازیزانی، كه ماون و له‌گه‌ڵ ئازیزانی كه ماڵئاواییان كردووه، سه‌ردمێكمان به ڕێ كرد. زایه‌ری برا بیره‌وه‌رییه‌كانی ناو ته‌یراوه‌ی به زمانێكی فوول هه‌ولێریی شیرین و به‌تام، زۆر به راستگۆیانه و راشكاوانه و به پاكی گێڕاوه‌ته‌وه و كاتێ ڕسته به ڕسته، لاپه‌ڕه به لاپه‌ڕه پیاسه‌یه‌كی له‌گه‌ڵدا به كۆڵانه‌كاندا ده‌كه‌ی، وێنه‌ی ڕابردووی خۆت، ڕابردووی باوان و ئازیزانی خۆت، دۆست و ئاشنا و هاوڕێیانی خۆتی تێدا ده‌بینی و ده‌گه‌ڕێیه‌وه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ژیان چه‌نده ساده و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چه‌نده پته‌و و دامه‌زراو بوون و متمانه و رێز چه‌نده له‌ناوماندا به‌رقه‌رار بوو. ئێستا كه خۆزگه به‌وان ڕۆژان ده‌خوازین، زۆر له‌و ئازیزانه‌مان له‌ده‌ست داون، كه به حه‌سره‌تی ئه‌وه‌ین جارێكی تر بیانبینینه‌وه و ئامێزیان پێدا بكه‌ین، به‌ڵام مخابن كه ناتوانین، بۆیه شه‌و و رۆژ هه‌ر به حه‌سره‌تی ئه‌و غوربه‌ته‌ین و ئه‌وه‌تا كاك زاهیر به لێهاتوویی و راستگۆیی و زمانشیرینی خۆی ده‌مانباته‌وه به‌رده‌م ده‌رگه به ده‌رگه و كۆڵان به كۆڵانی ته‌یراوه، كه ده‌كرێ بڵیین كۆڵان به كۆڵانی ته‌مه‌ن، چونكه ته‌یراوه ته‌مه‌ن و ژیانی رابردوومانه. ئه‌من به‌و دیاریه شیرینه‌ی برای به‌ڕێزم خاره زاهیر عه‌بدوڵا شاگه‌شكه بوویمه و وا ده‌زانم ئه‌و گه‌نجینه‌یه‌ی له‌مێژه لێم بزر بووه، دۆزیومه‌ته‌وه، ئه‌دی ئه‌وه نیه وه‌ك جاری جاران به‌ناو كۆڵانه‌كانی ته‌یراوه‌ی به پیاسه له‌گه‌ڵ زاهیری پێدا ده‌ڕۆینه خوارێ. یاخوا ده‌سته‌كانت خۆش بن و دڵت خۆش بێ، وه‌ك چۆن دڵی ئێمه‌ت به‌و بیره‌وه‌رییانه خۆش و گه‌ش كرده‌وه. هیوادارم به‌رگه‌كانی دیكه‌یش به‌چاپ بگه‌یه‌نی و پیاسه‌كانمان له ته‌یراوه‌ی به‌رده‌وام بن، ئاخر ئێمه بێ ته‌یراوه و بێ قه‌ڵاتی هه‌ولێرێ، هه‌ناسه‌مان بۆ نادرێ. خوایه وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی چه‌ند دڵگیر و شیرینه ده‌شتی خۆش و ڕه‌نگینه ئاوی كه‌وسه‌ره، خاكی گه‌وهه‌ره پڕ له گوڵ و نه‌سرینه.
ن/ فه‌رھه‌نگ غه‌فوور
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.