هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە لەلایەن پەرلەمانی ئەم وڵاتە رایگەیاند، كە یاساكە دژی حزبە بچوك و كاندیدە سەربەخۆكان دەبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی عێراق مادەی 15 و 16ی پرۆژەی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەسەند كرد، لە كاتێكدا پەرلەمانتارانی كورد هۆڵی كۆبوونەوەكەیان بەجێهێشتبوو، ئەمەش بە هۆی بوونی ناكۆكی لەسەر ناوەڕۆكی مادەكە.
لەمبارەیەوە زێباری كە پێشتر لە دوو كابینەی جیاوازدا، وەزیری دارایی و دەرەوەی عێراق بووە، لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی" بە پێچەوانەی نیەتپاكیی یاسادانەران و خۆپیشاندەرانی عێراق، ئەو یاسا نوێیە بۆ هەڵبژاردن داندراوە، هەلی سەركەوتنی حزبە بچوكەكان و كاندیدە سەربەخۆكان لەبار دەبات.
جێی باسە پێشتر چەند جارێك كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرابوو بە هۆی هەردوو مادەی 15 و 16ی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنەوە، چونكە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد و سوننە ناڕەزاییان هەبوو لەسەر ناوەڕۆكەكەی، كە باس لە فرە بازنەیی دەنگدان دەكات.
بە گوێرەی مادەی 15، لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، هەر پارێزگایەك لە چەند بازنەیەكی جیاواز پێكدێت، لەمبارەیەشەوە وەزارەتی پلاندانانی عێراق زانیاری لەسەر ڕێژەی دانیشتوانی پارێزگاكان دەداتە كۆمسیۆن و خۆكاندیدكردنیش لەسەر ئاستی تاكە كەسی دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.