بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەسەر ئاماری ساڵی 2019 ی مادە هۆشبەرەکان بڵاوکردەوە .
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-12-2019 رایگەیاند: لە ساڵی 2019دا هەزار و 712 تۆمەتبار دەستگیرکراون و دەستبەسەر 203 کیلۆ و 16 گرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەرێمی کوردستان هیچ سەرچاوەیەکی وەبەرهێنانی ماددە هۆشبەرەکان نییە و ئەو ماددانەی دەستی بەسەردادەگیرێت، دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سنوورێکی فراوانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، کە زۆرینەی ماددە هۆشبەرەکان لە رێگەی سنووری نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی بەرفراوان دێنە نێو هەرێمی کوردستان و بە شێکی دیکەی لەڕێگەی شارەکانی ناوەڕاست و خواری و عێراقەوە دەهێنرێتە نێو هەرێمی کوردستان".
بەپێی راگەیێندراوەکە، 530 کەس لەوانەی دەستگیرکراون سزا دراون و هەزار و 182 کەسیش پەڕاوەکانیان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و تاوەکو ئێستا کێشەکانیان لە دادگا یەکلانەبووەتەوە.
سەبارەت بە جۆر و بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان بەمشێوەیە پۆلێنی کردوون:
115.060 کیلۆگرام هێرۆین، 55.508 کیلۆگرام کریستاڵ، 17 کیلۆگرام کتامین، 8.597 کیلۆگرام تلیاک، 4.575 کیلۆگرام حەشیش، 1.276 کیلۆگرام ماریجوانا، کیلۆیەک جامایکا.
هەروەها، دەستبەسەر 9.215 شریت حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر و دوو ملیۆن و 450 هەزار دینار و 15 هەزار و 600 دۆلاری ساختە دا گیراوە".
لەکۆتایشدا، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سوپاسی هاونیشتمانییان و هەموو دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە ئاسایشی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ دەکات بۆ هاوکاریکردنیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.