وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان رۆژی یەکشەممە هێرشێکی ئاسمانیان بۆسەر پێنج بنکەی کەتایبی حیزبوڵڵا لە سووریا و عێراق ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، سێ لە بنکەکان لە عێراق و دوو بنکەکانی دیکەش لە سووریا بوونە، لە نێو بنکەکاندا کۆگای چەک هەبووەو هەروەها لەم بنکانەوە پلانی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی هاوپەیمان لە عێراق داڕێژراوە.
گوتەبێژی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند: "فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بارەگای لیوای 45ی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار بۆردوومانکردووە و کوژراو و بریندارێکی زۆر لە بۆردوومانکردنی بارەگاکە هەن".
لە راگەیەندراوەکەی پێنتاگۆن ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکان لە وەڵامی هێرشەکەی کەتیبەی حیزبوڵڵا بووە کە بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق ئەنجامدراوە، کە لە هێرشەکەی کەتیبەی حیزبوڵڵا هاووڵاتییەکی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی دیکەی ئەمریکی و دوو ئەندامی هێزە عێراقییەکان برینداربوون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کەتیبەی حیزبوڵڵا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران هەیە و لەلایەن ئەوانەوە پشتیوانی دەکرێن
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.