Erbil 38°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 09:37

ئایه‌ فێستیڤاڵه‌که‌، بۆ شانۆی شه‌قام ده‌کرێت؟

ھونه‌رمه‌ند ده‌بێ داھێنان بكات و به‌دوای كۆپییه‌وه‌ نه‌بێت
کوردستان TV
100%

ھونه‌ر، لای من موعجیزه‌یه‌، موعجیزه‌ی ھونه‌رمه‌ند داماڵراوه‌ له‌و تێگه‌یشتنه‌ زانستی و ئایینیه‌ی بۆ موعجیزه‌ كراوه‌، موعجیزه‌ی ھونه‌رمه‌ند جۆرێكی تره‌، داڕشتنه‌وه‌ی ژیان و بونیاتنانه‌وه‌ی خه‌یاڵ و وێناكردنی موسته‌حیله‌، ئه‌مه‌ تێڕوانینی منه‌ بۆ ھونه‌ر و به‌تایبه‌تی ھونه‌ری شانۆ، ئه‌گه‌ر موعجیزه‌ نه‌بێت چی واده‌كات ئۆدیب پاش ٢٥٠٠ ساڵ ھێشتا به‌ زیندوویی به‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆكانه‌وه‌ وه‌ستا بێت، چی وا ده‌كات ھاملێت دوای زیاد له‌ ٤٠٠ ساڵ ھه‌موو ڕۆژێ به‌ فۆرم و روانین و لێكدانه‌وه‌ی تازه‌وه‌ ھزرمان داگیر بكات و سیحری مانه‌وه‌ی به‌تاڵ نه‌بێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ھونه‌ر موعجیزه‌ نه‌بێت چی وا ده‌كات چێخۆڤ پاش ١٠٠ ساڵ ھه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌یه‌ دوێنێ تێكستی مه‌لی ده‌ریای بۆ ستانسلافسكی نوسی بێت، ساده‌ترین پێناسه‌ی موعجیزه‌ش ئه‌وه‌یه‌ "ڕمر خارق للعاده‌" واته‌ كارێك كه‌ باو تێده‌په‌ڕێنێت، ئه‌مه‌ش لای من وه‌زیفه‌ی ھونه‌ر و ھونه‌رمه‌نده‌ به‌ تایبه‌تی له‌ شانۆدا، ئه‌گه‌ر ھونه‌رمه‌ند خه‌ریكی گواستنه‌وه‌ی باو و كۆپیكردنی واقیع بێت، ئیتر بۆ ھونه‌رمه‌نده‌، چونكه‌ ھه‌میشه‌ وێنه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ له‌ كۆپیكراو جوانتره‌، ھونه‌رمه‌ندیش ده‌بێ داھێنان بكات و به‌دوای كۆپییه‌وه‌ نه‌بێت.

ھاڕۆل ئه‌ندرسۆن له‌ پێناسه‌ی داھێناندا ده‌ڵێت"كرداری به‌رھه‌مھێنانه‌ كه‌ ھه‌موو ساتێ له‌ ساته‌كانی له‌دایكبوونی گه‌وھه‌رێكی به‌ھاداری ھه‌نووكه‌یی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌وه‌ش زیاتر داھێنان پێویستی ژیانه‌."

ئه‌گه‌ر ئه‌م پێناسه‌یه‌ ببه‌ستمه‌وه‌ به‌ پێناسه‌ی موعجیزه‌ له‌ نێو رووبه‌ره‌ ھونه‌رییه‌كه‌ی، ده‌بینین جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌، جیاوازییه‌كه‌ ته‌نھا له‌ رووبه‌ری به‌كاربردنه‌، ئه‌و ھونه‌رمه‌نده‌ی نه‌توانێت گه‌وھه‌رێكی به‌ھادار ببه‌خشێت به‌ وه‌رگره‌كه‌ی شایسته‌ی ئه‌وه‌ نییه‌ پێی بگوترێت ھونه‌رمه‌ند.

با ئه‌م رووبه‌ره‌ به‌جێ بێڵم و بچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سڵی مه‌به‌ست، ئه‌ویش ئه‌و به‌دحاڵیبوونه‌یه‌ كه‌ له‌ پیناسه‌ی شانۆی شه‌قام و شانۆی سه‌رشه‌قام دروست بووه‌،ھاوڕێم (بوڕھان قه‌ره‌داخی) له‌ كۆمێنتێكدا نوسیویه‌تی" شانۆی شه‌قامیش ناوی به‌خۆیه‌وه‌تی، ده‌بێ له‌ شه‌قامدا به‌شێوه‌یه‌كی سپۆنتانێت و خۆڕایی له‌دایك بێت و ھه‌ر له‌نێو شه‌قامیش له‌دایك بێت و ھه‌ر له‌نێو شه‌قامیشدا ھونه‌رمه‌ندو بینه‌رو وه‌رگری خۆی دروستبكات، واته‌ پێویستییه‌ك بیھێنێته‌ بوون، نه‌ك دۆخی دروستكراوی موتوربه‌ ئاسا و به‌ زۆر فیستیڤاڵی بۆ دروست بكه‌یت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێت شانۆی شه‌قام نییه‌".

بۆ قسه‌كردنێكی باشتر له‌سه‌ر ئه‌م كۆمێنته‌ی كاك بوڕھان ده‌بێ جارێكی بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ته‌رزه‌كانی شانۆی شه‌قام كه‌ من پێشتر له‌ زنجیره‌ وتارێك قسه‌م له‌سه‌ر كردووه‌، ئه‌وه‌ی كاك بوڕھان نوسیویه‌تی وه‌ك ته‌رزێكی شانۆی شه‌قام راسته‌، ئه‌مه‌ جۆرێكی شانۆی شه‌قامه‌ كه‌ له‌ شه‌قام دروستده‌بێت و ئامانجێكی سیاسی یا بازرگانی یا كۆمه‌ڵایه‌تی ھه‌یه‌و ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی كۆنتاكتی راسته‌وخۆ بابه‌تێك بجولێنێت و گه‌له‌كۆمه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ دروست بكات، ئه‌م ته‌رزه‌ نمایشه‌ له‌ڕووی كوالێتی ھونه‌رییه‌وه‌ نزمترین ئاستی شانۆی شه‌قامه‌و له‌ زۆركاتدا ره‌نگه‌ شیاوی ئه‌وه‌ی نه‌بێت وه‌ك ھونه‌رێك سه‌یری بكه‌ین، چونكه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ئه‌م ته‌رزه‌ نمایشه‌ مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی ھونه‌ر نییه‌و شانۆ وه‌ك فاكته‌رێك به‌كار ده‌بات بۆ گه‌یاندنی گوتارێكی دیاریكراو كه‌ پێشینه‌ی ھه‌یه‌ له‌ گه‌یاندن و به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م ته‌رزه‌ نمایشانه‌ بیر له‌ پێشكه‌شكردنی فۆرم و سه‌بكێكی ھونه‌ری ناكاته‌وه‌و زۆرینه‌ی كاتیش ئه‌وانه‌ی ئه‌مجۆره‌ نمایشانه‌ دروست ده‌كه‌ن رێكخراوی مرۆیی یا سیاسی یا كۆمه‌ڵایه‌تین، ھونه‌ر وه‌ك فاكته‌رێكی كاریگه‌ر به‌ تایبه‌تی شانۆ ده‌كه‌نه‌ بارھه‌ڵگری ئه‌و په‌یام و بابه‌ته‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ بینه‌ری بگه‌یه‌نن، ئه‌مجۆره‌ نمایشانه‌ فیستیڤالی بۆ ناكرێت و بۆشی نه‌كراوه‌، ئه‌م نمایشانه‌ له‌ڕووی به‌كاربردنه‌وه‌ ڕێك له‌ شانۆی كڵێسا ده‌چێت، ئه‌م ته‌رزه‌ شانۆییه‌ی كه‌ له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بۆماوه‌یه‌كی زۆر له‌نێو كڵێساكان پێشكه‌ش ده‌كران و مه‌به‌ست لێی وێناكردن و گه‌یاندنی په‌یامی ئایینی مه‌سیحی بوو، ئه‌وانه‌ی كه‌ نمایشه‌كانیشیان دروست ده‌كرد شانۆكار نه‌بوون و قه‌شه‌و پیاوی ئایینی بوون و چیرۆكه‌كانیشیان له‌ خودی كتێبی پیرۆزه‌وه‌ وه‌رده‌گرت و ئێستاش ئه‌مجۆره‌ شانۆییه‌ وه‌ك سرووت له‌ به‌شێك له‌ كلێساكانی كوردستان و دونیا ماوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مجۆره‌ شانۆییه‌ ھونه‌رمه‌ند دروست ناكات له‌نێو شه‌قام وه‌ك ئه‌وه‌ی كاك بوڕھان باسیكردووه‌و ئه‌م ئه‌زموونه‌ش زۆر جیاوازه‌ له‌و ئه‌زموونه‌ شانۆییانه‌ی كه‌ ئۆگۆستۆ پواڵ كاری له‌سه‌ر كردووه‌ و پواڵیش ھیچ كاتێك ئیدیعای ئه‌وه‌ی نه‌كردووه‌ كه‌ شانۆی شه‌قام پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌واوی وێنه‌كه‌ نییه‌، ئه‌مه‌ به‌شێكی بچوكی ڕووبه‌ره‌كه‌یه‌.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌رزه‌ شانۆییه‌، جۆرێكی تر له‌ نمایشی شانۆیی ھه‌یه‌ له‌ شه‌قام یا شوێنه‌ گشتییه‌كان پێشكه‌شده‌كرێت و نمایشه‌كه‌ فۆرمێكی ھونه‌ری دیاریكراوی ھه‌یه‌و ھه‌وڵده‌دات سه‌رنجی بینه‌رو وه‌رگری شه‌قام ببات به‌ھۆی ئه‌و فۆرمه‌ ھونه‌رییه‌ به‌رزو جیاوازه‌ی كه‌ پێشكه‌شی ده‌كات و بینه‌ر سه‌رسام ده‌كات و وه‌ك كارێكی ناباو خۆی ده‌نوێنێت، ئه‌م جۆره‌ نمایشه‌ ئاساییه‌ ئه‌كته‌رو ده‌رھێنه‌رو چیرۆكی دیاریكراو و ته‌نانه‌ت تێكستی شانۆییشی ھه‌بێت و مه‌شق و راھێنانی بۆ كرابێت و به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو بۆ شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌كان ئاماده‌ كرابێت و له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و جه‌سته‌و سه‌ماو جوله‌وه‌ پێشكه‌ش بكرێت، كه‌سانی شاره‌زا وه‌ك دراما تۆرگ و كۆمه‌ڵناس به‌شدارییان له‌ داڕشتنه‌وه‌ی كردبێت له‌ رووی گوتاری ھزری و فه‌لسه‌فی و شێوه‌و فۆرمه‌وه‌، ئاماده‌سازی و دروستكردنی بۆ كرابێت، زۆرینه‌ی ئه‌و نمایشه‌ شانۆییانه‌ی كه‌ له‌ فیستیڤاڵه‌كانی مه‌ریوان و ده‌ربه‌ندیخان و كه‌ركوك پێشكه‌ش ده‌كرێن، له‌م ته‌رزه‌ شانۆییه‌ن و پێشبڕكی له‌سه‌ر داھێنان و فۆرمی تازه‌و گوتاری ناباو ده‌كه‌ن و ئه‌و نمایشانه‌ش خه‌ڵات ده‌به‌نه‌وه‌و سه‌رنجی بینه‌ر ده‌به‌ن كه‌ ده‌توانن له‌م ده‌روازه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل شه‌قام و بینه‌ری شه‌قام ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌ڕاستی ناحه‌قی گه‌وره‌ ده‌كرێت به‌رامبه‌ر فیستیڤاڵه‌كانی مه‌ریوان و ده‌ربه‌ندیخان و كه‌ركوك، ھه‌ركه‌سه‌ له‌ شوێنی خۆیه‌وه‌ داده‌نیشێت فیستیڤاڵ ڕه‌فز ده‌كاته‌وه‌ یا به‌ بێ بایه‌خی ته‌ماشای ده‌كات، من پێموایه‌ ئه‌م فیستیڤالانه‌ له‌م قۆناغه‌دا به‌ھه‌موو كه‌موكوڕییه‌كانیانه‌وه‌، ھه‌نگاوی زۆر گرنگن و توانیویانه‌ په‌یوه‌ندی زۆر گه‌وره‌ له‌نێوان شارو شانۆ نه‌خشه‌بكێشن و فاكته‌رێكی كاریگه‌ر بن له‌ گۆڕینی روخساری شار له‌ ڕووی فه‌رھه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ربه‌ندیخانی ئێستا ھه‌مان ئه‌و ده‌ربه‌ندیخانه‌ نییه‌ كه‌ پێشتر فیستیڤاڵی شانۆی شه‌قامی لێ نه‌بووه‌، وه‌رن سه‌یركه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌ی چه‌ند تێگه‌یشتنێكی جوان و مۆدێرنیان بۆ شانۆ ھه‌یه‌و چۆن ده‌رھاوێشته‌كانی فیستیڤاڵ فه‌زای شاری داگرتووه‌، ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ی فیستیڤاڵ زۆر به‌ڕوونی ده‌بینی كه‌ چۆن فیستیڤاڵ سه‌رنجی زۆرێك له‌ دانیشتووانی ئه‌م شاره‌ی ڕاكێشاوه‌، باس له‌ ده‌رھاوێشته‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رھه‌نگیه‌كانیش ناكه‌م كه‌ چه‌ند گرنگن بۆ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌، ھه‌مان پێوه‌ریش بۆ مه‌ریوان دروسته‌، كه‌ركوكیش زیاد له‌ ھه‌موو شارێكی كوردستان پێویستی به‌وه‌ ھه‌یه‌ پڕه‌نسیبی دیالۆگی تێدا بچه‌سپێنرێت و ڕووبه‌ری نزیكبوونه‌وی پێكھاته‌كانی كه‌ركووك به‌ نه‌ته‌وه‌و ئایینی جیاوازه‌وه‌ فراوانتر بكرێت، چی له‌ شانۆ و به‌تایبه‌تی شانۆی شه‌قام باشتره‌ تا ئه‌م ئه‌ركه‌ مه‌زنه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆو ھاوكار بێت له‌ سازدانی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ كه‌ كه‌ركووك جێگه‌ی ھه‌مووانی تێدا ده‌بێته‌وه‌و ھونه‌ریش ده‌توانێت ھه‌مووان كۆ بكاته‌وه‌.

 ن/ حه‌مه‌سوار عه‌زیز

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.