هه‌رسێ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا له‌باره‌ی ره‌وشی عێراق راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه.
ئاژانسی دویچه‌وێله‌ی ئه‌ڵمانی بڵاویكرده‌وه، سه‌رۆكی هه‌رسێ وڵاتی ئه‌ڵمانیا، به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا له راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی دوایین ره‌وشی عێراق و رۆڵی نه‌رێنی ئێران، به‌تایبه‌ت رۆڵی نه‌رێنی سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای قودس به سه‌رۆكایه‌تی قاسم سوله‌یمانی له ناوچه‌كه، راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه، هاوكات جه‌ختیان كرده‌وه پێویسته كار بكرێت تاكوو به‌زوویی ئه‌و ره‌وشه ئاڵۆزه‌ی كه له نێوان واشنتۆن و تاران سه‌ریهه‌ڵداوه هێور بكرێته‌وه.
ئه‌نگێلا مێركل راوێژكاری ئه‌ڵمانیا و بوریس جۆنسۆن سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا و ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆك كۆماری فه‌ره‌نسا له راگه‌یاندراوه هاوبه‌شه‌كه‌یان جه‌ختیان كرده‌وه له‌سه‌ر راگرتنی گرژییه به‌رده‌وامه‌كان له عێراق و دا‌واشیان له سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كرد خۆیان له تووندوتیژی به‌دوور بگرن و به شێوه‌یه‌كی به‌رپرسیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكه‌ن.
له كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه هاوبه‌شه‌كه‌یاندا، هه‌رسێ وڵات داوایان له ئێران كرد كه خۆیان له هه‌ر جۆره بڕیار و كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌دوور بگرن كه له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ناكۆك بێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.