Erbil 38°C ھەینی 15 ئایار 07:01

وەزارەتی خوێندنی باڵاى هه‌رێم خوێندنى ماسته‌رو دکتۆرا راده‌گه‌ینێت

ماوه‌ى پێشكه‌شكردن لە ٥ى ئه‌م مانگه‌ تاكو ٢٦/١/٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت
کوردستان TV
100%


وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرفەتێکی گەورە لە زانکۆکانی ھەرێم بۆ پێشکەشکارانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵای یەک ساڵەی ئەکادیمی و ماستەر و دکتۆرا بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) دەڕەخسێنێت، ئەویش بەتەرخانکردنی زیاتر لە پێنج ھەزار کورسی خوێندن بۆ ئارەزوومەندانی خوێندنی باڵا.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "ڕۆژی یەکشەممە ٥/١/٢٠٢٠، پڕۆسەی پێشەشکردنی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵای یەک ساڵە و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکردوه‌ و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵای یەک ساڵە و ماستەر و دکتۆرا، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزارەت، وەزارەتەکەمان پێداچوونەوەی بە کورسیەکانی گشتی کرد کە شێوازی خوێندنەکە بەخۆڕاییە، بۆ ئەمەش ژمارەیەکی بەرچاو لە کورسی تەرخانکراوی گشتی بۆ فەرمانبەرانی دامەزراو بەشێوەی ھەمیشەیی لە دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زیادکران، بەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ پێشکەشکارانی دامەزراو دەڕەخسێت".

گوتیشی" لە کۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاردرا لەبەرامبەر خەبات و قوربانیدانی شەھیدان و ئەنفالکراوان و بۆ پێدانی دەرفەت و ڕەخساندنی ھەلی زیاتر، کەسوکاری پلە یەکی شەھید و ئەنفالکراوەکان (ھاوسەر، کوڕ و کچ)، ئەگەر سەرجەم مەرجەکانی پێشکەشکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرای تێدا بێت و لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەربچێت، لەدەرەوەی پلان، کورسی خوێندنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا" ژمارەیەک کورسی دیکەی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بۆ فەرمانبەرو مامۆستایانی میلاکی ھەمیشەیی زانکۆی کەرکوک و پەیمانگەی کەرکوک تەرخاندەکرێت، کە دەتوانن لە زانکۆکانی کوردستان پێشکەشی کورسییە تەرخانکراوەکان بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پشتگیری لە نوسینگەی وەزارەتەکەمان لەشاری کەرکوک ھاوپێچ بکات لەکاتی پێشکەشکردن".

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕوونیکردەوە" لە پێناو درووستکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ پێشکەشکاران و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پرۆسەی پێشکەشکردن درێژ دەکرێتەوە، بەمەش گۆڕانکاری بەسەر ماوەی پێشکەشکردن دا دێت و ماوەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە ٥ى مانگ تاكو ٢٦/١/٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت و تاقیکردنەوەی توانستی زانستی لە ٢/٢/٢٠٢٠ ئەنجام دەدرێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.