ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكار كێشاوەی عێراق لەگەڵ ماسیۆ تۆلەر باڵوێزی ئەمریكا لە بەغدا كۆبووەوە و پێیڕاگەیاند، كە پێویستە بەغدا و واشنتۆن هاوكاری یەكتری بكەن بۆ چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق.
عەبدولمەهدی داوای هاوئاهەنگی لە باڵوێزی ئەمریكا كردووە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی دوێنێ یەكشەممەی پەرلەمانی عێراق بە كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لە ناویشیاندا هێزە ئەمریكییەكان جێبەجی بكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە دوێنێ تەنها پەرلەمانتارە شیعەكان پرۆژەبڕیاری كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكانیان لە عێراق پەسەند كرد، پەرلەمانتارانی كورد و سوننە بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد.
هەر لەو دیدارەدا عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بە سیاسەتی نەگۆڕی حکومەت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەمووان و نەچوونە نێو سیاسەتی میحوەر کردەوە. بە گوتەی عەبدولمەهدی هێزی حکومەتی عێراقیش لە بەرژوەندی هەمووانە و سووربوونی عێراقی دووپاتیکردەوە لەوەی کە دەخوازێت پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای هاوکاری و رێزگرتنی دوولایەنە بێت و ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری نیشتمانی پارێزراوبێت.
نووسینگەی عەبدولمەهدی لەمبارەیەوە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بە مەترسییەكانی قۆناغی ئێستای عێراق كردووە، لەگەڵ ئەو دەرەنجامانەی لە داهاتوودا لێی دەكەونەوە، دووپاتیشی كردووەتەوە كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی ناوچەكە لە كەوتنە شەڕێكی گەورە بپارێزێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.