Erbil 38°C دووشەممە 18 تشرینی دووەم 08:40

چۆن قوتابی له‌ په‌تای ئه‌نفلۆزای وه‌رزی ئاگاداربکه‌ینه‌وه‌؟

تیمه‌ ته‌ندروستیه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی هۆشیاری ده‌ست پێ ده‌كات
کوردستان TV
100%

له‌م ماوه‌یه‌دا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون و پاراستنی قوتابیان و مامۆستایان له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن، چه‌ند ڕێنماییه‌كی بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ بریتین له‌ ١١ رێنمایی، سه‌رجه‌م رێنماییه‌كان هۆشیاریه‌كی گرنگی ته‌ندروستیه‌ بۆ قوتابی و مامۆستا و ژینگه‌ی قوتابخانه‌، بێگومان له‌رێگه‌ی نوسراوه‌وه‌ ئه‌م ڕینماییانه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌كراوه‌، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش به‌گشتاندێك بۆ به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیه‌گشتییه‌كان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی خوێندنی كردوه‌، بۆیه‌ لێره‌دا نامانه‌وێ رێنماییه‌كان دووباره‌ بخه‌ینه‌ڕوو، چونكه‌ له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندندا ئه‌م رێنماییانه‌ به‌رده‌سته‌، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی سۆشیال میدیاوه‌ ناوه‌رۆكی نوسراو و ڕێنماییه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێ بكه‌ین، بریتیه‌ له‌و ڕه‌هه‌نده‌ی كه‌ ئایا به‌رێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌كان و مامۆستاو كارگێری قوتابخانه‌ چۆن ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌گه‌رم و گوری بگه‌یه‌ننه‌ قوتابی و قوتابیش زانیاریه‌كی سه‌ره‌تایی لابێت كاتێ هه‌ست به‌ خاڵێك له‌خاڵه‌كان ده‌كات، ئایا چۆن خۆی بپارێزێت؟ به‌ر له‌هه‌موو شتێك ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ قوتابخانه‌ وه‌ك ده‌زگایه‌كی گرنگی په‌روه‌رده‌یی نێو كۆمه‌ڵگه‌، زۆربه‌ی زۆری هاونیشتمانی قوتابی له‌ قوتابخانه‌یه‌ ده‌خوێنێت، بۆیه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی پارێزاو ده‌بێت بۆته‌شه‌نه‌ نه‌كردنی هه‌ر نه‌خۆشیه‌ك و هه‌ر په‌تایه‌كی چاوه‌رواننه‌كراو، هه‌مووان له‌ ئاست به‌رپرسیاریه‌تی خۆیه‌وه‌ به‌رگری له‌و لایه‌نه‌ گرنگه‌ بكات، چونكه‌ ده‌بێت له‌ ناوه‌ندی خوێندن وه‌ك به‌شێكی گرنگی كۆمه‌ڵگه‌، ئاگاداری ئه‌م بابه‌ته‌ چاوه‌رواننه‌كراوانه‌ بن.

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ تیمه‌ ته‌ندروستیه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی هۆشیاری ده‌ست پێ ده‌كات، تا زانیاریه‌كی باش بگه‌یه‌ننه‌ مامۆستا و قوتابی بۆ خۆپاراستن له‌ په‌تای وه‌رزی، ئه‌مه‌ش وه‌ك لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارو پسپۆری و كاری وه‌زیفی ئه‌م ئه‌ركه‌ جێ له‌جێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و په‌یامه‌ ته‌نیا له‌لایه‌ن تیمه‌كانه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵكو په‌روه‌رده‌ و مامۆستا هاوكاربن بۆ گه‌یاندنی ئه‌م په‌یامه‌ مرۆییه‌، چونكه‌ نه‌خۆشكه‌وتن و توشبوونی یه‌ك قوتابی له‌م په‌تایه‌، یه‌كسانه‌ به‌ نه‌خۆشكه‌وتنی سه‌رجه‌م قوتابیانی قوتابخانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌ك ئه‌ركێكی ئاینی و مرۆیی و نیشتیمانی هه‌موومان هاوكاربین له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ هۆشیاریه‌، چونكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌یه‌ك لایه‌ن، ئه‌گه‌رچی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌م رێنماییانه‌ی ده‌ركرده‌وه‌و له‌ژێر رۆشنایی بریاره‌كان ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش وه‌ك چه‌قی كۆمه‌ڵگه‌، هه‌موو بابه‌ته‌ په‌یوه‌ستداره‌كان دێنه‌وه‌ فۆرمی قوتابخانه‌، كه‌واته‌ ده‌بێت مامۆستاو به‌رێوه‌به‌ر و كارگێری قوتابخانه‌ زۆر به‌ووردی و به‌ویژدانه‌وه‌ هاوكاربن له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ گشتیه‌ . هه‌م له‌پۆڵ، هه‌م له‌گۆره‌پانی قوتابخانه‌ رێنماییه‌كان به‌قوتابی ئاشنا بكرێت، تایبه‌ت ئه‌و رێنماییانه‌ی نزیكن له‌ ژیانی ڕۆژانه‌ی قوتابی له‌قوتابخانه‌، وه‌ك ده‌ستشوشتن به‌سابوون، شوێنی ئاوخواردنه‌وه‌و به‌رداخی تایبه‌ت به‌خۆیان، فرۆشگای قوتابخانه‌كان زیاتر چاودێری بكرێن له‌رووی پاك و خاوێنی و خۆراكی ته‌ندروست و دروستكردنی خوارده‌مه‌نی رۆژانه‌، قه‌ده‌غه‌كردنی خواردنه‌ رێگه‌ پێنه‌دراوه‌كان، هه‌روه‌ها باخچه‌ی منداڵانیش له‌ ئاماده‌كردنی خواردنی رۆژانه‌یان به‌ چاودێریه‌كی وورد و پاك و خاوێن، ئه‌وكه‌سه‌ی خواردن ئاماده‌ده‌كات، پشكنینی ته‌ندروستی بۆ كرابێت و كارتی ته‌ندروستی هه‌بێت، هه‌روه‌ها شوێنی دروستكردنی خوارده‌مه‌نی پاك و خاوێن و ته‌ندروستبن، ئه‌مانه‌ هه‌مووی رێگه‌چاره‌ن و به‌ربه‌ستێكی ته‌ندروستی زۆرباشه‌ بۆ بڵاونه‌بونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تا وه‌رزیه‌ . كه‌واته‌ ده‌بێت هه‌وڵه‌كان چڕتر بكرێته‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌مان له‌ئاست به‌رپرسیاریه‌تی خۆمان هه‌وڵی بۆبده‌ین و به‌ره‌نگاری بینه‌وه‌ .

 ن/ ئاری ئاغۆك

كوردستان تیڤی/ كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.