Erbil 38°C یەکشەممە 22 شوبات 17:41

رێگای دووسایدی دەربەندی رانیەی کرایه‌وه‌

دانا عەبدولکەریم: دەمانەوێت رێگایەکی سەلامەت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دابین بکەین
کوردستان TV
#7
100%

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگه‌یاند: وەک چۆن لە ساڵی رابردوو قۆناغی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکانمان بە سەرکەوتویی تەواوکرد، لەمساڵیشدا قۆناغی دووەم ئەنجامدەدەین، دەڵێت: دەمانەوێت رێگایەکی سەلامەت بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دابین بکەین.

به‌پێ راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هاتووه‌، ئەمرۆ پێنجشەممە، ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە رێورەسمێکدا بەیاوەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و قائیمقامی پشدەر و قائیمقامی رانیەو بریکار و راوێژکار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دوسایدی (دەربەندی رانیە-ژاراوە)ی کردەوە.

دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند: خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە ئەمڕۆ لە رانیەی خۆشەویستم بۆ کردنەوەی یەکێک لە پڕۆژە گرنگ و جوانەکانی سنورەکە ئەویش پڕۆژەی رێگای دەربەندی رانیەیە، کە پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ هەردوو دەڤەری پشدەر و بیتوێن. هەولێرەوە ئەو مژدەیە رادەگەیەنین کە رووناککردنەوەی رێگاکەش جێبەجێ دەکەین.

گوتی: هیوادارین لەمساڵدا چەندین پڕۆژەی دیکەش لە سنورەکە بخەینە بوار جێبەجێکردنەوە، ئەو پڕۆژانەی تایبەتن بە دووسایدییەکان بەگەڕبخرێنەوەو تەواوبکرێن و بخرێنە خزمەتی هاوڵاتیانەوە، ئومێدەواریشین تا تەواوبوونی تەمەنی ئەم کابینەیە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی لە پلانی وەزارەتماندا دامانناوە بتوانین جێبەجێی بکەین.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی رابردوو بەسەرکەوتویی قۆناغی یەکەمی چاکردنەوەی رێگاوبانەکانمان تەواو کرد، ئەمساڵیش لە بەرنامەماندایە قۆناغی دوەم دەستپێبکەین، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان راسپاردوە دەرخستەی پێویست ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی تا وەرزی ھاوین بخرێنە بواری تەندەرین و دواتر جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی رێگاوبانەکان بگەیەنینە ئاستێک لانیکەم ھاوڵاتیان بەشێوەیەکی سەلامەت ھاتوچۆی لەسەر بکەن.

هاوکات سوپاسی ئیدارەی راپەڕینی کرد بۆ هاوکاری وەزارەت لە تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیەو سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکاریشی کرد کە پڕۆژەکەی بەشێوەیەکی باش جێبەجێکردوە.

پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دووسایدی (دەربەندی رانیە-ژاراوە) قۆناغی یەکەم، لە 10/12/2019 کارەکانی تەواو بووەو کۆی بودجەکەی 12.911.786.547 دینار بووەو لەلایەن کۆمپانیای شارستێنەوە جێبەجێکراوە.

ئەم پڕۆژەیە جگەلەوەی کارئاسانی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان دەکات، لە ڕوی گەشتیارییەوە گرنگی زۆری هەیە، چونکە دەربەند ناوچەیەکی گەشتیاری گرنگەو رێگاکەش بەشێکە لە رێگای دو سایدی رانیە-قەڵادزێ. هاوکات بەتەواوبونی پڕۆژەکە، رێگاکە پارێزراو دەبێت لە داڕمانی شاخەکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.