Erbil 38°C یەکشەممە 10 ئایار 22:07

مەکتەبی سیاسی پارتی پیرۆزبایی له‌ کوردستان تیڤی ده‌کات

گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و بینەرانی ئازیزی كەناڵەكەتان دەكەین
کوردستان TV
100%

له‌ په‌یامێكدا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ساڵیادی دامه‌زراندنی كوردستان تی ڤی پیرۆز ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

بەڕێزان، بەڕێوەبەری گشتی و کادیر و كارمەندانی كوردستان تیڤی بەبۆنەی 21 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانیی كوردستان تیڤی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و بینەرانی ئازیزی كەناڵەكەتان دەكەین، هیوادارین وەك هەمیشە دڵسۆزانە و بەرپرسانە خزمەتی زیاتر بەو رەوشە سەقامگیرە و ئاسوودەیی و خواست و ویستی خەڵك بدەن. 

كەناڵی ئاسمانی كوردستان، لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، كە بە بڕیارو سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی دامەزرا،  دەسكەوتێكی دیكەی ئەو كاروانە پڕ بەخششەی خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمانە، ئەم كەناڵە وەك یەكەمین كەناڵی ئاسمانیی توانیویەتی بە بەرنامەو پلانێكی رێكوپێك و بە پرۆسەیەكی خەمخۆرانە بێتە ناو گۆڕەپانەكە و بێ سرەوتن هەنگاوی سوودبەخشانە بنێ و قۆناغێكی نوێ لە بواری میدیایی لە هەرێمی کوردستان بخاتەوە و بەرەو پێشەوەی ببات، هەروەها بەپێی رونگەیەكی پیشەوەرانەش مامەڵە لەگەڵ بابەت و هەواڵ و رووداوەكان بكات و بێ جیاوازی هەواڵ و رووداوەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان رووماڵ بكات، بەمەش ببێتە كەناڵی گشت هاونیشتمانیانی خۆشەویست و مایەی شانازی تەواوی بینەرانی بێت لەسەرتانسەری جیهاندا. 

رۆڵ و كاریگەری بواری میدیا لە هەموو هەلومەرجێكدا زۆر هەستیار و گرنگە بەتایبەتیش میدیای بینراو، دیارە لەو رووەوەش كه‌ی تیڤی هەمیشە شانبەشانی كەناڵەكانی دیكە بە ئەركی پیرۆزی خۆی هەستاوە و لە خزمەتی خواست و ویستی هاووڵاتیان و كێشە وگیروگرفتەكانیان دابووە، كە ئەمەش مایەی رێزو دەستخۆشیە. 

كوردستان تیڤی لەو ماوەی تەمەنی كار و چالاكیەكانیدا هەمیشە بڵنگۆی ئازادیخوازو پێشكەوتنخوازان بووە، هەروەها خاوەن سەنگ و پەیامی سیاسی و میدیایی جیا بووە، بەمەش مسداقیەتی خۆی پاراستووە و بەرجەستەكارێكی راستەقینەی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان بووە. 

جارێكی دیكە وێرای سوپاسگوزاری و دەستخۆشیمان پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی دەزگاكەتان وەك دامەزراوەیەكی میدیایی هاوچەرخ و پرۆفیشناڵ دووپات دەكەینەوە و، ئومێدەوارین هەر لەپێشكەوتن و سەركەوتندابن. 


مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
17ـی 1ـی 2020

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.