دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و بوونی بەستەڵەک لە ڕێگای گومرگی تەمەرچین و پیرانشار، بزاوتی بازرگانی و هاتووچۆی گە شتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران وەستا.
مەسعود ئەحمەد باتێلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: کێشەکە لە سنووری هەرێمی کوردستاندا نییە، تیمەکانی ئێمە بەردەوام تا خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران بەفر ڕادەماڵن، بەڵام لە ڕێگای نێوان گومرگی تەمەرچین و پیرانشار، تیمی ئێران نەیتوانیوە ڕێگاکان لە بەفر ڕابماڵێت و پێڕاناگات، چونکە بەفربارین ئاستێکی زۆری تێپەڕاندووە و تا 80 سانتیمەتر بەفر باریوە، ئەمەش بۆتە هۆکاری وەستانی هاتووچۆی گەشتیاری و رێگای بازرگانی لە سنووری حاجی ئۆمەرانی پەکخستووە.
هاوکات ئەحمەد قادر، قائیمقامی چۆمان بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: چەند ڕۆژێکە ڕێگای حاجی ئۆمەران ئاستەنگی بۆ درووست بووە، بەڵام بەردەوام تیمەکانی بەفرڕاماڵینی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕێگاوبان، کەرتی چواری سۆران لەم ڕێگا گشتییە بەفریان ڕاماڵیوە و خوێیان لە شەقامەکە داوە، بەڵام لە ئێوارەی ئەمڕۆوە لەدیوی ئێران بەهۆی بەفربارینی زۆر ڕێگاکان داخراون.
راشیگەیاند: بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی، سبەیش شەپۆڵێکی بەفربارین و سەرما ناوچەکە دەگرێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت داخستنی ڕێگاکە تا شەممە بخایەنێت تا کەش و هەوا جێگیر دەبێتەوە.
بەرپرسی کۆمەڵگەی سنووری حاجی ئۆمەران لەڕێگای کوردستان تیڤییەوە داوا لەو گەشتیارانە دەکات کە گەشتی خۆیان دوابخەن و ڕێگای سنووری حاجی ئۆمەران نەگرنەبەر، چونکە ڕێگەی گشتی داخراوە، تا بە فەرمی گەشتیاران لە ئاسایی بوونەوەی ڕێگای سنوورەکە ئاگادار دەکرێنەوە.
پ / کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.