مەسرور بارزانی رایگهیاند: پێویستە وەبەرهێنان بە پێی پلانێکی زانستی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی بێت و داوا لە کەرتی تایبەت دەکەم لە بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلیکار دا زیاتر گرنگی بە لاوانی هەرێمی کوردستان بدەن.
ئەمڕۆ سیشەممە 2020/1/28 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبوو ، گفتوگۆ دەربارەی کارنامەی کابینەی نۆیەم تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کودستان کرا.
سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، وەبەرھێنەرانیان دڵنیا کردەوە کەحکومەتی ھەرێم پاڵپشت و رێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی رووتین لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجمان ئەوەیە زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان لە گشت کەرتەکان بهێنینە ئارا و ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەکی بکەین . گوتیشی پێویستە وەبەرهێنان بە پێی پلانێکی زانستی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی بێت .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە رووی ماددی و مرۆییەوە دەوڵەمەندە و دەرفەتی ئەوە هەیە ببێتە بنکەیەکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا.
داواشی لە کەرتی تایبەت کرد کە هاوکاری حکومەت بکەن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەتدا کە پێویستە زیاتر گرنگی بە گەنجانی هەرێمی کوردستان بدرێت لە دەرفەتەکانی کارکردندا.
پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیار و تێبینیەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.